Accessibility links

دزه‌یی: هەڵسەنگاندنی ورد لەلایەن ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانەوە کراوە بۆ هاوکاریکردنی كاسبكاران و كۆمه‌ڵێك خه‌ڵكی تر كه‌ بژێوی ژیانیان ڕۆژانه‌یه‌


سه‌فین دزه‌یی به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان -عیراق

سه‌فین دزه‌یی به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ وتووێژێكی تایبه‌تدا له‌گه‌ڵ به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا باس له‌چه‌ند پرسێكی گه‌رم ده‌كات، له‌وانه‌ پرسی ئه‌و هاوڵاتیانه‌ی ئێستا له‌ وڵاتانی ده‌ره‌ه‌وه‌ گیرییان خواردووه‌ و ناتوانن بگه‌ڕێنه‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان و هه‌ماهه‌نگی هه‌رێم له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ناوه‌ندی عیراق له‌وباره‌یه‌وه‌،هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به‌ كاریگه‌ری كۆرۆنا له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كان ده‌ڵێت" ئه‌و كونسڵ و دبلۆماتكارانه‌ی كه‌ له‌هه‌رێمی كوردستاندا هه‌ن له‌وانه‌یه‌ له‌سه‌ره‌تادا به‌و ڕێكارانه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نیگه‌ران بووبن چونكه‌ خودی دبلۆماتكاره‌كان كاروبارو هاتوچۆكانیان سنوردار كرابوون، به‌ڵام دواتر ستایش و ده‌ستخۆشییان له‌حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرد بۆ ڕێكاره‌ پێش وه‌خته‌كان بۆ ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی كۆرۆنا." دزه‌یی كه‌ ئه‌ندامی لیژنه‌ی باڵای ڕوبه‌ڕووبونه‌وه‌ی كۆرۆنایه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان ئاشكرایده‌كات"دراسه‌یه‌كی ورد كراوه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بۆ ئه‌وه‌ی هاوكاری ئه‌و خه‌ڵكانه‌ بكرێت كه‌ كاسبكارن و دوكاندارن و كۆمه‌ڵێك خه‌ڵكی تر كه‌ بژێوی ژیانیان ڕۆژانه‌یه‌." وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ش ده‌داته‌وه‌، ئایا حكومه‌ت به‌نیازه‌ له‌كرێی موڵكه‌كانی خۆی خۆش ببێت تا بتوانێت داوا له‌ هاوڵاتیان بكات له‌ كرێی خانو و دوكانه‌كانیان خۆش ببن؟"

"هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان ده‌توانن خۆیان ناونووس بكه‌ن له‌ڕێگه‌ی كونسوڵخانه‌ یان باڵوێزخانه‌كانی عێراقی به‌مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ی كه‌ بتوانن بگه‌ڕێنه‌وه‌ كوردستان."

له‌سه‌ره‌تای وتووێژه‌كه‌دا به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌باره‌ت به‌گه‌ڕانه‌وه‌ی هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان كه‌ به‌مه‌به‌ستێك له‌مه‌به‌سته‌كان سه‌ردانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمیان كردبوو به‌ڵام به‌هۆی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆوه‌ ناتوانن بگه‌ڕێنه‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان وتی" ڕاگه‌یه‌نرا كه‌ تا 17/3 ئه‌و هاوڵاتیانه‌ی له‌ ئێران و وڵاتانی ده‌وروبه‌رن ده‌توانن بگه‌ڕێنه‌وه‌، دوای ئه‌وه‌ سنوره‌كان داده‌خرێن و ڕێنماییه‌ ته‌ندروستیه‌كانیش ده‌گرنه‌به‌ر به‌مه‌به‌ستی كواره‌نتین كردنیان هه‌ندێك قوتابی و خوێندكار له‌و وڵاتانه‌ به‌تایبه‌تی له‌ توركیا و قوبرس و له‌ ئه‌وروپاش خوێندنیان به‌رده‌وام بوو چونكه‌ ئه‌و وڵاتانه‌ تا ئه‌و كاته‌ ڕێكاری ته‌ندروستی و ڕێنماییان نه‌گرتبووه‌به‌ر، له‌به‌رئه‌وه‌ نه‌یان توانی بگه‌ڕێنه‌وه‌."

سه‌فین دزه‌یی وتیشی" تا 17/3 به‌شێكی زۆر له‌و هاوڵاتیانه‌ی كه‌ له‌ ئێران بوون گه‌ڕانه‌وه‌، وه‌ له‌ توركیاش به‌هه‌مان شێوه‌ به‌ڕێگه‌ی وشكانی نزیكه‌ی 600 بۆ 700 كه‌س گه‌ڕانه‌وه‌. نزیكه‌ی 325 قوتابی له‌ "قوبرسی شمالی" توركی بوون، دوای ئه‌و بڕیاره‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، دواتر توركیا بڕیاریدا كه‌ خوێندن ئۆن لاین بێت، ئیتر ئه‌وه‌ بوو ئه‌و خوێندكار و قوتابیانه‌ بڕیاریاندا بگه‌ڕێنه‌وه‌ كوردستان وه‌ به‌ بڕیاری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به‌ فڕۆكه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ دوو قۆناغ ئه‌و قوتابی و هاوڵاتیانه‌ی كه‌ له‌ قوبرس بوون گه‌ڕێنرانه‌وه‌ بۆ كوردستان تا ئێستاش ژماره‌یه‌كی تر له‌ توركیا هه‌ن به‌ڕێگای وشكانی كه‌م كه‌م ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌."

هه‌روه‌ها دزه‌یی ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد" له‌هیندستان-یش نزیكه‌ی 97 هاوڵاتی هه‌بوون كه‌ به‌مه‌به‌ستی خوێندن و چاره‌سه‌ری پزیشكی چووبوونه‌ هیندستان، به‌ڕێگه‌ی هێڵی ئاسمانی عێراق گه‌یه‌نرانه‌ به‌غداد و له‌وێشه‌وه‌ به‌ پاس گه‌ڕانه‌وه‌ كوردستان، جگه‌ له‌مه‌ له‌ وڵاتانی ئه‌وروپا ، له‌ به‌ریتانیا، ئێمه‌ ڕێنماییه‌كانماندا به‌ نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه‌ ئه‌و هاوڵاتیانه‌ی مه‌به‌ستیانه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان خۆیان ناونوس بكه‌ن وه‌ له‌هه‌مان كاتیشدا په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق و به‌ڕێز وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فیدڕاڵی كرد كه‌ له‌هه‌ر شوێنێك هێڵی ئاسمانی عێراقی بچێت هاوڵاتیانی عێراقی بهێنێته‌وه‌ پێویسته‌ خه‌ڵكی كوردستان بێ به‌ش نه‌بن ، ئه‌وانیش ئاماده‌كاری و هاوكاری خۆیان ده‌ربڕی به‌ڵام له‌و كاته‌دا حكومه‌تی عێراقی هێڵه‌ ئاسمانیه‌كانی خۆی ڕاگرت به‌مه‌ستی ئاماده‌كاری درێژخایه‌نی كواره‌نتین له‌به‌شه‌كانی تری عێراق بكرێت، خۆشبه‌ختانه‌ دوێنێ بڕیاردرا كه‌ هێڵه‌ ئاسمانیه‌كان ده‌ست پێ بكه‌نه‌وه‌، وه‌ ئێستاش له‌سه‌روبه‌ندی ئه‌وه‌دان كه‌ بۆ چه‌ند وڵاتێكی وه‌كو ئۆردن و چه‌ند وڵاتێكی ئه‌وروپی ئه‌گه‌ر هێڵی ئاسمانی عێراقی بچێته‌ ئه‌و وڵاتانه‌، هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستانیش ده‌توانن خۆیان ناونوس بكه‌ن له‌ڕێگه‌ی كونسوڵخانه‌ یان باڵوێزخانه‌كانی عێراقی به‌مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ی كه‌ بتوانن بگه‌ڕێنه‌وه‌ كوردستان."

"ڕێنماییمان داوه‌ به‌نوێنه‌رایه‌تیه‌كانی حكومه‌ت سه‌باره‌ت به‌ وانه‌ی كه‌ده‌یانه‌وێت بگه‌ڕێنه‌وه‌ هه‌رێم "

لێپرسراوی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ه‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕاشیگه‌یاند" به‌پێی ئه‌و ڕێنماییانه‌ی كه‌ بۆ نوێنه‌رایه‌تیه‌كانمان ناردووه‌، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراقیش بۆ كونسڵ و سه‌فاره‌تخانه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی عێراقی ناردووه‌، "ئه‌وله‌ویات" ده‌درێته‌ ئه‌وانه‌ی كه‌ قوتابین ئێستا ناتوانن بمێننه‌وه‌ یاخود گه‌شتیاره‌ به‌مه‌به‌ستی پزیشكی و بازرگانی چونه‌ته‌ ئه‌و وڵاتانه‌ و فیزه‌یان به‌سه‌رچووه‌ یان ئیقامه‌یان نیه‌، ئه‌وانه‌ "ئه‌وله‌ویاتی" گه‌ڕانه‌وه‌یان پێ ده‌درێت به‌ڵام ناتوانیین ڕه‌وه‌ندی عێراق به‌گشتی یان ڕه‌وه‌ندی كوردستان هه‌موو ئه‌وانه‌ی كه‌ مه‌به‌ستی بێت، بێته‌وه‌ كوردستان چونكه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و هه‌موو ڕه‌وه‌نده‌ بێته‌وه‌ له‌وانه‌یه‌ به‌هه‌زاران كه‌س بن، ژێرخانی ئێمه‌ش یان عێراق به‌شێوه‌یه‌كی گشتی له‌و ئاسته‌دا نیه‌ كه‌ بتوانێ ئه‌و هه‌موو خه‌ڵكه‌ كواره‌نتین بكه‌ین بۆیه‌ هه‌وڵمانداوه‌ ئه‌وانه‌ی كه‌ بارودۆخیان ناجێگره‌ له‌ڕووی مانه‌وه‌ و له‌ڕووی خه‌رجییه‌وه‌، ئه‌وانه‌ "ئه‌وله‌ویاتیان" پێ بدرێت."

دزه‌یی ڕه‌تكرده‌وه‌ حكومه‌تی عیراقی جیاوازی بكات له‌نێوان هاوڵاتیانی كورد و عیراقی بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ له‌و ڕوه‌وه‌ وتی"تا ئێستا جیاوازی نه‌كراوه‌. له‌ ئینگلته‌را باڵوێزی عێراقی له‌گه‌ڵ نوێنه‌رایه‌تی هه‌رێم هاوكارو هه‌ماهه‌نگن ، وه‌ له‌ هیندستان نزیكه‌ی 200 كه‌س گه‌ڕێنراونه‌ته‌وه‌ له‌وانه‌ش 97 یان خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان بوون."

ده‌رباره‌ی ئاماری ئه‌و هاوڵاتیانه‌ی ده‌یانه‌وێت بگه‌ڕێنه‌وه‌؟ سه‌فین دزه‌یی وتی" ئه‌وانه‌ی كه‌ خۆیان ناونووس كردووه‌ له‌ به‌ریتانیا نزیكه‌ی 220 كه‌سن و له‌ئه‌رمه‌نستان نزیكه‌ی 190 كه‌سن و له‌ ئۆردن 150 كه‌سن،وه‌ له‌ توركیاش 100 كه‌سی تر هه‌یه‌، به‌بۆچونی من ئه‌و ئامارانه‌ی كه‌ له‌به‌ر ده‌ستدایه‌ ئه‌گه‌ر كۆی بكه‌یته‌وه‌، له‌وانه‌یه‌ ده‌وروبه‌ری 1000 تا 1500 كه‌س بن."

هه‌روه‌ها وتی" ئێمه‌ له‌ هه‌ماهه‌نگیدا ده‌بین له‌گه‌ڵ به‌غدا چونكه‌ هه‌رێمی كوردستان ناتوانێت فڕۆكه‌ بنێرێت و بێته‌وه‌، بۆیه‌ ئێمه‌ پشت ئه‌به‌ستین به‌ هێڵی ئاسمانی عێراق وه‌ هه‌ماهه‌نگیشمان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ و وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی فیدڕاڵی و به‌رده‌وام ئه‌بین."

" ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌كرێت هه‌وڵ بده‌ین به‌زووترین كات ئه‌و خه‌ڵكانه‌ بگه‌ڕێنینه‌وه‌، وه‌ ئه‌گه‌ر كه‌س و كاریان ویستیان هاوكاریان بۆ بنێرن ئاسانكاریان بۆ بكرێت له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ "

له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی ئایا حكومه‌تی هه‌رێم به‌نیاز نیه‌ هاوكارییه‌كی كاتی مادی پێشكه‌ش به‌و قوتابی و كه‌سانه‌ بكه‌ن كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ گیرییان خواردووه‌ بۆ به‌ڕێكردنی ژیانیان؟ سه‌فین دزه‌یی ده‌ڵێت" ئێستا كێشه‌یه‌كی تر هه‌یه‌ كه‌ ئه‌ویش ته‌حویلی بانكی یه‌، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق باسی له‌وه‌ كردووه‌ كه‌ هاوڵاتیانی عێراقی ده‌توانن بچنه‌ سه‌فاره‌ته‌كان ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی كه‌ كه‌س و كاریان بۆیان ده‌نێرن وه‌ری بگرن، به‌داخه‌وه‌ كه‌ توانای هه‌رێمی كوردستان له‌و ئاسته‌دا نیه‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌كرێت هه‌وڵ بده‌ین به‌زووترین كات ئه‌و خه‌ڵكانه‌ بگه‌ڕێنینه‌وه‌، وه‌ ئه‌گه‌ر كه‌س و كاریان ویستیان هاوكاریان بۆ بنێرن ئاسانكاریان بۆ بكرێت له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌."

دزه‌یی وتیشی" به‌دڵنیاییه‌وه‌ حكومه‌ت هاوكار ده‌بێت وه‌ هه‌وڵ ده‌دات ئه‌و هاوڵاتیانه‌ی كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ن ڕه‌چاوی بارودۆخیان بكرێت ناخۆش بوو ئه‌و بڕیارانه‌ بدرێت به‌رامبه‌ر ده‌وڵه‌تێكی دراوسێ ی وه‌كو ئێران به‌ڵام ناچار بووین خه‌ڵكی خۆمان له‌ودیو سنور بپارێزین."

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت" ته‌نها ئه‌و بودجه‌یه‌ هه‌یه‌ كه‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی دارایی یه‌وه‌ ته‌رخان كراوه‌ بۆ ڕووبه‌ڕوونه‌وه‌ی ئه‌و په‌تایه‌ی كه‌ له‌هه‌رێمی كوردستانه‌."

"ئه‌و دبلۆماتكارانه‌ی كه‌ له‌هه‌رێمی كوردستاندا هه‌ن له‌وانه‌یه‌ له‌سه‌ره‌تادا به‌و ڕێكارانه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نیگه‌ران بووبن "

سه‌باره‌ت به‌ كاریگه‌ری كۆرۆنا له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌ دیبلۆماسیه‌كان؟ لێپرسراوی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌ت هه‌رێمی كوردستان ده‌ڵێث " ئه‌و په‌تایه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر زۆر بوار هه‌بووه‌، له‌ بواری سیاسی و ئابوری و هه‌تا دیبلۆماسی، ماوه‌ی مانگێكه‌ من له‌ماڵه‌وه‌ كارده‌كه‌م نه‌متوانیوه‌ په‌یوه‌ندی ڕاسته‌خۆی ڕووبه‌ڕوو له‌گه‌ڵ دبلۆماتكارو كونسوڵگه‌ڕه‌كان بكه‌ین، ناچار به‌ته‌له‌فون و ڤیدیۆ كۆنفڕانس كاره‌كان بكه‌ین، بێگومان دیداری ڕووبه‌ڕوو كاریگه‌ری زۆر زیاتره‌ له‌وه‌ی په‌یامی خۆت بگه‌یه‌نیت یان په‌یامی به‌رامبه‌ر وه‌ربگریت، ئه‌و كونسڵ و دبلۆماتكارانه‌ی كه‌ له‌هه‌رێمی كوردستاندا هه‌ن له‌وانه‌یه‌ له‌سه‌ره‌تادا به‌و ڕێكارانه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نیگه‌ران بووبن چونكه‌ خودی دبلۆماتكاره‌كان كاروبارو هاتوچۆكانیان سنوردار كرابوون، به‌ڵام دواتر ستایش و ده‌ستخۆشییان له‌حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرد بۆ ڕێكاره‌ پێش وه‌خته‌كان بۆ ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی كۆرۆنا، به‌بۆچونی ئێمه‌ من ئه‌گه‌ر ئه‌و ڕێكارانه‌ له‌سه‌ره‌تای مانگی سێ نه‌بوایه‌ له‌وانه‌ بوو وه‌زعی كوردستان خراپتر ده‌بوو له‌وه‌ی ئێستا كه‌ هه‌یه‌. "

سه‌فین دزه‌یی ئاماژه‌ی به‌هاوكاری وڵاتان بۆ هه‌رێمی كوردستان كرد له‌مكاته‌دا، له‌و ڕوه‌وه‌ ده‌ڵێت " له‌ڕووی پێشكه‌شكردنی هاوكاریه‌وه‌، چین و ئه‌مریكا هاوكار بوون، وه‌ هه‌ندێك وڵاتانی تر وه‌كو كونسوڵیه‌كان لێره‌ هه‌ندێك هاوكاریان پێشكه‌ش كردووه‌ ، وه‌ تیمێكی پسپۆڕی چینی پێش هه‌فته‌یه‌ك له‌هه‌رێمی كوردستان بوون بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی بارودۆخه‌كه‌ و پێشكه‌شكردنی ڕاوبۆچوونی خۆیان و ئه‌وانیش ستایشی هه‌رێمی كوردستان و ڕێكاره‌كانیان كرد، له‌ڕووی پێشكه‌شكردنی زانستیه‌وه‌ هاوكاری حكومه‌ت ده‌كه‌ن به‌ڵام هاوكاریه‌كانیان سنورداره".‌

"دراسه‌یه‌كی ورد كراوه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بۆ ئه‌وه‌ی هاوكاری ئه‌و خه‌ڵكانه‌ بكرێت كه‌ كاسبكارن و دوكاندارن و كۆمه‌ڵێك خه‌ڵكی تر كه‌ بژێوی ژیانیان ڕۆژانه‌یه‌ "

له‌به‌شێكی تری وتووێژه‌كه‌دا سه‌فین دزه‌یی كه‌هاوكات ئه‌ندامی لیژنه‌ی باڵای ڕوبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی كۆرۆنایه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان ده‌ڵێت" دراسه‌یه‌كی ورد كراوه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بۆ ئه‌وه‌ی هاوكاری ئه‌و خه‌ڵكانه‌ بكرێت كه‌ كاسبكارن و دوكاندارن و كۆمه‌ڵێك خه‌ڵكی تر كه‌ بژێوی ژیانیان ڕۆژانه‌یه‌، هه‌ندێك ڕێكخراوی خێرخوازیش هه‌ن كه‌ هاوكاری ئازووقه‌ پێشكه‌ش ده‌كه‌ن."

سه‌فین دزه‌یی ده‌شڵێت" هه‌روه‌ها له‌وه‌زاره‌تی كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی و وه‌زاره‌ته‌كانی په‌یوه‌ندیدار، كۆمه‌ڵێك پێشنیار پێشكه‌ش كراون بۆ نمونه‌ مۆڵ و بازاڕ و دوكان و ئه‌وانه‌ی كه‌ كارو كاسبیان ناسوڕێت، دوا له‌خاوه‌نه‌كانیان كراوه‌ كه‌ لێخۆش بوون هه‌بێت له‌ كرێیه‌كانیان یاخود شتێكی كه‌میان لێ وه‌ربگرن وه‌ ئه‌و موڵكانه‌ی حكومه‌ت به‌كرێ ی داون به‌ دوكان و هه‌ندێك شوێنی تر به‌هه‌مان شێوه‌یه‌."

سه‌باره‌ت به‌شێواز و بڕی هاوكاری كردنی هاوڵاتیان كه‌ بژێوی ژیانیان له‌سه‌ر كاری ڕۆژانه‌یه‌؟

سه‌فین دزه‌یی ده‌ڵێت" ئه‌گه‌ر بێتو ئه‌و بارودۆخه‌ درێژه‌ بخایه‌نێت، بیگومان حكومه‌ت له‌به‌رنامه‌یه‌یدایه‌ كه‌ هاوكاری پێویست پێشكه‌ش بكات، هاوكاریه‌كه‌ له‌ژێر "دراسه‌ت" دایه‌ به‌پێ ی توانای خودی حكومه‌،. ئه‌وه‌لیاتی حكومه‌ت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ڕووبه‌ڕووی ئه‌و په‌تایه‌ ببێته‌وه‌، وه‌ هه‌موو ئه‌ركه‌ سه‌ره‌كیه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كۆنتڕۆڵی ئه‌و په‌تایه‌ بكات له‌ هه‌رێمی كوردستان وه‌ له‌هه‌مان كاتیشدا ژیانی هاوڵاتیانش به‌شێوه‌یه‌ك له‌شێوه‌كان به‌رده‌وام بێت."

جه‌ختیشیكرده‌وه‌" ئه‌و بارودۆخه‌ دراسه‌تكراوه‌ و قسه‌ی له‌سه‌ر كراوه‌، ئالیه‌ته‌كه‌ی بۆ قۆناغی داهاتوو ده‌بێت."

له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی ئایا حكومه‌ت به‌نیازه‌ له‌كرێی موڵكه‌كانی خۆی خۆش ببێت تا بتوانێت داوا له‌ هاوڵاتیان بكات له‌ كرێی خانو و دوكانه‌كانیان خۆش ببن؟

سه‌فین دزه‌یی وتی" هه‌ندێك سه‌رمایه‌دار وخاوه‌ن موڵك خۆیان ده‌ستپێشخه‌ریان كرد له‌ لێخۆش بوونی كرێَی موڵكه‌كانیان وه‌كو یه‌كه‌ی نیشته‌جێ و دوكان و بازاڕه‌كان."

ئه‌و موڵكانه‌ش كه‌ حكومین جا بازرگانی بێت یان نیشته‌جێ بێ، به‌دڵنیایه‌وه‌ ده‌بێت ڕه‌چاوی ئه‌وانه‌ بكرێت كه‌ توانایان نیه‌ و ناتوانن كرێی خۆیان بده‌ن، حكومه‌ت ئه‌وه‌ به‌هه‌ند وه‌رده‌گرێ و دراسه‌تی وردی ده‌كات، ئێستا لیژنه‌ی فه‌رعی هه‌یه‌ كه‌ دراسه‌ی ئه‌و بابه‌ته‌ ده‌كه‌ن له‌ وه‌زاره‌تی دارایی بۆ ئه‌وه‌ی به‌ باشترین شێوه‌ هاوكاری هاوڵاتیان بكه‌ن كه‌ به‌ كه‌مترینزه‌ره‌ر له‌و بارودۆخه‌ تێپه‌ڕ بێت."

please wait

No media source currently available

0:00 0:23:21 0:00


XS
SM
MD
LG