هه‌رچه‌نده هێزه سیاسیه‌كانى هه‌رێمى كوردستان یه‌كترى تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن و ڕه‌خنه‌ى جۆراوجۆر له‌یه‌كترى ده‌گرن، به‌ڵام هه‌موویان كۆكن له‌سه‌ر هێوركردنه‌وه‌ى دۆخى هه‌رێم و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێوانیان.
نورى حه‌مه عه‌لى ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى پارتى دیمو‌كراتى كوردستان، به‌ده‌نگى ئه‌مه‌ریكاى راگه‌یاند،"ده‌بێت حكومه‌تى داهاتوى هه‌رێم به‌شێوه‌یه‌ك بێت سه‌قامگیرى و ئارامى بۆ خه‌ڵكى كوردستان به‌دواوه بێت، چونكه خه‌ڵك ماندوو بووه."
به‌پێى ئه‌نجامه به‌راییه‌كان پارتى 45 كورسى و یه‌كێتى نیشتیمانیش 21 كورسى په‌رله‌مانى كوردستانیان به‌ده‌ست هێناوه. پارتى جه‌خت له‌سه‌ر پێكهێنانى حكومه‌تێك ده‌كاته‌وه له‌سه‌ر بنه‌ماى سه‌نگ و قورسایى هێزه سیاسیه‌كان و یه‌كێتیش داواى شه‌راكه‌تى "راسته‌قینه"له پێكهێنانى حكومه‌تدا ده‌كات.
نورى حه‌مه‌عه‌لى سه‌رسوڕمانى خۆى نیشاندا له‌داواكه‌ى یه‌كێتى بۆ "شه‌راكه‌تى راسته‌قینه" و، گوتى"تێناگه‌م! چه‌ند ساڵه له‌گه‌ڵ براده‌رانى یه‌كێتى دا پێكه‌وه‌ین، بۆ گومانیان له‌شه‌راكه‌ت هه‌یه، گه‌ر له‌رابردوودا شه‌راكه‌ت نه‌بووه، بۆچى قه‌بوڵیان كردووه؟."
یه‌كێتى نیشتیمانیش كه له‌لایه‌ن هێزه سیاسیه‌كانى تره‌وه به ساخته‌كارى تۆمه‌تبار ده‌كرێت، ئه‌ویش پارتى به‌ساخته‌كارى تۆمه‌تبار ده‌كات، كه به‌شێك له چاودێران پێیانوایه ئه‌م تۆمه‌تباركردنه جۆرێكه له‌فشار بۆ ئه‌وه‌ى داواكاریه‌كانى له چوارچێوه‌ى حكومه‌تى داهاتودا په‌سه‌ند بكرێت.
سامان گه‌رمیانى ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى نیشتیمانى كوردستان، جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ده‌كاته‌وه کە حیزبه‌كه‌ى له‌گه‌ڵ یه‌كریزى نیشتیمانیدایه و دژى دوو ئیداره‌ییه.
گه‌رمیانى ده‌ڵێت،"ته‌زویر و ساخته‌كارى كراوه و چاوه‌رێى ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنین، به‌ڵام له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامی دانداین به ئاشتى و دیموكراسى."
به‌ڵام بێستون فایه‌ق په‌رله‌مانتارى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان، پێیوایه پارتى و یه‌كێتى هه‌ردوولایان ساخته‌كاریان كردووه و ساخته‌كاریشیان لێكراوه، گوتى"یه‌كێتى له زۆنى سه‌وز ته‌زویرێكى زۆرى كردووه و له زۆنى زه‌رد وه‌كو ئێمه ته‌زویرى لێكراوه، پارتیش به‌هه‌مانشێوه."
بریاره له‌داهاتویه‌كى نزیكدا ئه‌نجامى كۆتایى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان له‌لایه‌ن كۆمیسیۆنه‌وه رابگه‌یه‌نرێت. دواتر هێزه سیاسیه‌كان به‌فه‌رمى ده‌ست به‌گفتووگۆ و دانوستان ده‌كه‌ن و ئاراسته‌ى ڕووداوه‌كان بۆ ڕاى گشتى زیاتر ڕوون ده‌بێته‌وه.