Accessibility links

بەرپـرسێکی کوردی سوریا دەڵێت ئەگەر ئەمەریکا و ئەوروپا پارێزگاریـیان لێنەکەن لەگەڵ ئەسەد ڕێکدەکەون


بەرپـرسێکی کوردی سوریا داوای لە وڵاتانی ئەوروپا کرد لە پاش کۆتایی‌هاتنی شەڕی داعش دەستبەرداریان نەبن و دەڵێت ئەگەر نا ئەوا ناچار دەبن لەگەڵ ئەسەد ڕێبکەون.

ئاڵدار خەلیل بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی تەڤگەری جڤاکی دیموکراتی شەوی یەکشەممە لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێس گوتی وڵاتان بەرپـرسیارێتی سیاسی و ئەخلاقیـیان لەسەر شانە بەرامبەر بە کورد کە توانیان سنوورێک بۆ داعش دابنێن و نەهێڵن ئەو هەڕەشە تێرۆرستیـیە بۆ سەر ئەوروپا گەورەببێت.

پاشان داوای لە فەڕەنسا کرد وەک ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایش هەوڵ بدات بۆ پاراستنی ناوچەکەیان لە هەڕەشەکانی تورکیا، گوتی فەڕەنسا دەتوانێت پـێشنیاربکات هێزێکی نێودەوڵەتی لە نێوان ئەوان و تورکەکان دابنرێت بە هاوشێوەی هێزی یونیفیل ئەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان دایناوە لەسەر سنووری نێوان ئیسرائیل و باشوری لوبنان. داواشیکرد فەڕەنسا بەشێک بێت لەو هێزە.

گوتیشی ئەگەر ئەو هێزە نێودەوڵەتیـیەش نەبێت، ئەوا دەکرێت ناوچەیەکی قەدەغە فڕین بەسەر ئاسمانی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا دابمەزرێنرێت تاوەکو ڕێگە لە هێزی ئاسمانی تورکیا بگیرێت.

دواتر گوتی ئەگەر وڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریکا هیچ کارێک نەکەن بۆ پاراستنیان لە هەڕەشەکانی تورکیا، ئەوا ناچار دەبن لەگەڵ ڕژێمی ئەسەد ڕێکبکەون تاوەکو هێزی لەشکری بۆ سەر سنوورەکان ڕەوانەبکات.

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد مەرجیان بۆ ڕژێم ئەوەیە، دەبێت ئەو هێزەی لەسەر سنوورەکان جێگیردەکرێن لە خەڵکی ناوچەکە بن و لە ڕووی ئیداریـیەوە سەر بە لەشکری سوریا بن. لە بەرامبەریشدا ئامادەن بەشێک لە کێڵگە نەوتیـیەکانی ناوچەکەیان بدەنەوە دەستی ڕژێم و داهاتەکانی باجیش لەگەڵیدا دابەشبکەن و ئاڵای حکومەتی سوریا بەرزبکەنەوە.

XS
SM
MD
LG