Accessibility links

هێزەکانی یەپەگە گەمارۆی چەکدارانی داعش لە شاری حەسەکە دەدەن


هێزەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) توانیویانە چەکدارانی داعش لە شاری حەسەکە گەمارۆ بدەن و لە ئێستادا شەڕێـکی قورس لە ناوچەکە بەرپابووە.

زانا عومەر پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا دەڵێت هاوکاتی گەمارۆکە، فڕۆکەکانی هاوپەیمانانیش بۆردومانی شوێنەکانی داعش لە ناوچەکە دەکەن و داعشیش هەوڵ دەدات بە ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراو گەمارۆی سەر چەکدارەکانی پشـکێنێت.

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد هێزەکانی حکومەتی سوریا شکستیان هێناوە لە شەڕەکاندا و کشاونەتەوە بۆ چوار گۆشەی ئەمنی شارەکە، بۆیە پـێشبینی دەکرێت تەواوی شارەکە بکەوێتە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی یەپەگەوە.

هەروەها کۆمەڵەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ ئەویش ڕایگەیاند هێزەکانی یەپەگە بە هاوکاری لەگەڵ هێزەکانی شێخ حمێدی دەهام ئەلهادی کە بە "جەیش ئەلسەنادید" ناسراون گەمارۆی چەکدارانی داعشیان لە شاری حەسەکە داوە.

لە لایەکی دیکەشەوە مستەفا بالی کاربەدەسـت لە بەڕێوەبەرایەتی کوردی سوریا بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ئەسۆشیەتد پـرێسی گوتووە هێزەکانی یەپەگە هەموو ئەو ڕێگایایەیان بڕیوە کە بەرەو شاری حەسەکە دەچن و ئامانجیان ڕزگارکردنی شارەکەیە.

یەپەگەش لای خۆیەوە ڕۆژی پـێـنجشەممە بەیانـنامەیەکی لەم بارەیەوە بڵاوکردەوە و تیایدا نووسیویەتی لەو هەڵمەتەی لە 14 ی مانگی حەوتەوە هێزەکانی دەستیانپـێـکردووە، توانیویانە ناوچەی نێوان چیای کەزوان و ڕووباری خابور لە باشوری حەسەکە ڕزگاربکەن و جادەی نێوان شارۆچکەی شەدادە و شاری ڕەققە کە بە شاری حەسەکە تێپەڕدەبێت کۆنترۆڵبکەن.

هەروەها ئەو جادانەشیان بڕیوە کە لە دێرئەزورەوە بەرەوە شاری حەسەکە دەچن. پاشان گوندی هلێلەی نزیک حەسەکەیان کۆنترۆڵکردووە لەگەڵ وێزگەی کارەبای شارەکە.

XS
SM
MD
LG