Accessibility links

بەهۆی هێرشێکی ئاسمانیەوە لە ئەفغانستان ژمارەیەک هاوڵاتی مەدەنی کوژران


بەرپرسانی ئەفغانستان وتیان بەهۆی هێرشێکی ئاسمانییەوە لە نزیک شاری قەندوز لە باکووری وڵاتەکە نزیکەی 14 کەس کوژراون کە لە نێویاندا ئافرەت و منداڵ هەن.

وتەبێژی فەرمانڕەوای قەندوز نیعمەت ئەڵڵا تەیموری وتی بەهۆی هێرشێکی ئاسمانیەوە بۆ سەر چاردارا کە ناوچەیەکە دەکەوێتە دەرەوەی شاری قەندوز 14 هاوڵاتی مەدەنی کوژراون کە لەنێویاندا منداڵ و ئافرەت هەن، وتیشی ماوەیەکی زۆرە ئەو ناوچەیە شەڕی نێوان چەکدارانی تاڵیبان و هێزەکانی حکومەتی ئەفغانستان بەخۆیەوە دەبینێت.

لەگەڵ زیادبوونی هێرشە ئاسمانییەکاندا، لە ڕاپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە دەڵێت ژمارەی قوربانیانی هاوڵاتیانی مەدەنی لە هێرشە ئاسمانییەکان لە سەدا 52 زیادی کردووە لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا و ژمارەکە گەیشتۆتە 353 کوژراو و بریندار. هەروەها ڕاپۆرتەکە داوای لە هێزەکان کردووە لەمیانەی هێرشە ئاسمانییەکاندا هاوڵاتییە مەدەنییەکان بپارێزن.

وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەفغانستان محەمەد ڕادمانیش جەختی لەوە کردەوە کە ژمارەیەک لە هاوڵاتیانی مەدەنی کوژران بەڵام ڕووداوەکە هێشتا لەژێر لێکۆڵینەوەدایە. وتیشی ڕوون نیە کە ئایا هێرشەکە هێزی ئاسمانی ئەفغانی ئەنجامیداوە یاخوود فڕۆکە ئەمەریکییەکان.

وتیشی " تیمێکی لێکۆڵینەوە لە کابوڵەوە نێردراوە بۆ هەرێمەکە تاوەکو لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە بکات، لە ئێستادا قورسە ژمارەی ئەو هاوڵاتیە مەدەنییانە دیاری بکەین کە کوژراون یاخوود برینداربوون، هەروەها قورسیشە بزانین چ لایەنێک هێرشە ئاسمانییەکەی ئەنجامداوە."

لە بەیاننامەیەکی تاڵیباندا هاتووە دەڵێت 28 هاوڵاتی مەدەنی کوژراون. دەشڵیت زۆربەی کوژراوەکان ئافرەت و منداڵن و بەرپرسیارێتی هێرشەکەی خستە ئەستۆی هێزەکانی ئەمەریکا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG