وەزیری پەروەدەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئالان حەمە سەعید لە میانەی کردنەوەی سێ قوتابخانەی نوێدا لە کەلار وتی بایکۆتکردنی ناوەندەکانی خوێندن و قوتابخانەکان لەلایەن مامۆستایانی ناڕازییەوە چارەسەری دۆخەکە ناکات.
ئالان حەمە سەعید ئاماژەی بەوەدا هۆکاری دواکەوتنی موچە بەغدادە و وتی " ئەوەی ئێستا ڕووبەڕوومان بووەتەوە پێویستی بەوەیە هەموومان لە یەک بەرە کۆبکاتەوە کە بەرەی داواکردنی مافەکانمانە. بۆ ئەوەی شایستە داراییەکانی هەرێمی وەکو چۆن لە یاسای بودجەدا هاتووە بەوشێوەیە جێبەجێ بکرێت، تاوەکو موچەی فەرمانبەران و مامۆستایان لەگەڵ هیچ شتێکدا تێکەڵ نەکرێت و بە شێوەیەکی یاسایی بدرێت."
ئاماژەی بەوەشدا " چۆن مامۆستایەک، یاخود موچەخۆرێک لە بەغداد و بەسڕە و موسڵ مافی هەیە موچە وەربگرێت، بە هەمان شێوەش موچەخۆرێک و مامۆستایەک لە گەرمیان لە زاخۆ لە سلێمانی لە دهۆک لە هەولێر مافی خۆیەتی موچە وەربگرێت."
وتیشی شایستە داراییەکانی هەرێم 16 تریلیۆن و 498 ملیار دینارە و ئەوەی لە یەکی مانگی یەکەوە تاوەکو ئێستا وەکو حکومەتی هەرێم لەلایەن بەغدادەوە وەرمان گرتووە تەنها 3 تریلیۆن و 598 ملیار دینار بووە، ئەوەشی خستەڕوو لەو پارەیە 400 ملیاری بۆ مانگی یانزە و دوانزەی ساڵی ڕابردوو بووە.
وتیشی " لەم دۆخە سەختەدا بە ڕۆح لەگەڵ ئازارەکانی مامۆستایانی خۆمانداین."
وتیشی وەکو وەزیری پەروەردە زۆر نزیک بووم لە مامۆستایانەوە و ئاگاداری گوزەرانییانم، هەموو کاتێکیش پێم وابووە پێویستە ژیانییان باشتر بکرێت.
قسەکانی وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان پاش ئەوەبوو ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی لە پارزگای سلێمانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بایکۆتی دەوامیان ڕاگەیاندووە لەبری دوا کەوتنی مووچەکانیان لە کاتێکدا کە هەفتەی داهاتوو ساڵی نوێی خوێندن دەستپێدەکاتەوە.
موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان موچەی مانگەکانی حەوت و هەشتییان وەرنەگرتووە و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت بەپێی یاسای بودجە، موچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە ئەستۆی حکومەتی عێراقدایە.