Accessibility links

کرێملن: خاکە لکێندراوەکانی ئۆکرانیا لە ڕێی چەکە ئەتۆمییەکانی ڕووسیاوە دەپارێزرێن


کرێملن دەڵێت چوار هەرێمەکەی ئۆکرانیا کە مۆسکۆ لکاندوونی بە ڕووسیاوە لە ژێر پاراستنی جبەخانە ئەتۆمییەکەی ڕووسیادان.

کاتێک لەلایەن ڕۆژنامەنووسانەوە پرسیاری لێکرا سەبارەت بەوەی ئایا ئەو هەرێمانەی کە مۆسکۆ لکاندوونی بە ڕووسیاوە لە ژێر چەتری چەکی ئەتۆمی ڕووسیادا دەبن یاخود نا، وتەبێژی کرێملن دمیتری پێسکۆڤ گوتی " سەرجەم ئەم ناوچانە بەشێکی جیانەکراوەن لە فیدراسیۆنی ڕووسیا و سەرجەمیشیان پارێزراون. بە هەمان ئاستی ناوچەکانی دیکەی ڕووسیا ئاسایشیان بۆ دابینکراوە."

مانگی ڕابردوو سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن گوتی ئەگەر پێویست بکات ئامادەیە چەکی ئەتۆمی بەکاربهێنێت بۆ " بەرگریکردن لە سەروەری خاکی ڕووسیا." لە 6 ی مانگی 10 دا سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن وتی هەڕەشەکەی پوتن لە دوای قەیرانی موشەکی کوباوە لە ساڵی 1962 ەوە جیهانی لە هەموو کات زیاتر لەیەک نزیک کردۆتەوە.

مانگی ڕابردوو پوتن لکاندنی چوار هەرێمی ئۆکرانیای بە ڕووسیاوە ڕاگەیاند و گوتی ئەو ناوچانە " بۆ هەمیشە " بەشێک دەبن لە ڕووسیا. بەڵام ڕووسیا بە تەواوەتی کۆنتڕۆڵی هیچ کام لەو چوار هەرێمەی نەکردووە و هێشتا دەبێت سنوورەکانی دیاریبکات.

هەریەک لە ئۆکرانیا و هاوپەیمانەکانی لە ڕۆژئاوا و زۆرینەی وڵاتانی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان سەرکۆنەی لکاندنی هەرێمەکانی ئۆکرانیایان کردووە بە ڕووسیاوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG