Accessibility links

یەکێتی ئەوروپا دەڵێت سڕبیا و کۆسۆڤۆ ناکۆکییەکانیان سەبارەت بە ناسنامەکان یەکلایی دەکەنەوە


بەرپرسی کاروباری دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا جۆزێپ بۆڕێڵ دەڵێت سڕبیا و کۆسۆڤۆ ناکۆکییە نەتەوەییەکەی نێوانیان سەبارەت بە هاتوچۆی هاوڵاتیان بە سنووری نێوان دوو وڵاتەکەدا یەکلایی کردۆتەوە.

بۆڕێڵ وتی " گەیشتین بە ڕێکەوتنێک، کۆسۆڤۆ و سڕبییەکان و هاوڵاتیانی دیکەش دەتوان ئازادانە لەڕێی بەکارهێنانی ناسنامەکانیانەوە لەنێوان کۆسۆڤۆ و سڕبیادا هاتوچۆ بکەن. یەکێتی ئەوروپا لەم بارەیەوە گرەنتی لە سەرۆک وەزیری کۆسۆڤۆ ئالبین کورتی وەرگرتووە."

ناکۆکییەکانی نێوان کۆسۆڤۆ و سڕبیا دوابەدوای ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی کۆسۆڤۆ لە سڕبیا لە ساڵی 2008 دا دەستییان پێکرد. سڕبیا تاوەکو ئێستا دانی بە کۆسۆڤۆدا نەناوە.

کۆسۆڤۆ و سڕبیا هێشتا ڕێنەکەوتوون لەسەر بەکارهێنانی تابلۆی ئوتومبێلەکان لە باکووری کۆسۆڤۆدا کە سڕبییەکانی ئەو ناوچەیە دژایەتی پریستینای پایتەختی کۆسۆڤۆ دەکەن و بێلگرادی پایتەختی سڕبیا بە پایتەختی خۆیان دەزانن. سڕبییەکانی باکووری کۆسۆڤۆ تاوەکو ئێستا تابلۆی ئوتومبێلەکانیان سڕبییە.

کۆسۆڤۆی سەربەخۆ لەلایەن ئەمەریکا و زۆرینەی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپاوە دانی پێدانراوە، تەنها پێنج وڵات لە یەکێتی ئەوروپا دانیان پێدا نەناوە، هاوکات چین و ڕووسیای هاوپەیمانی سڕبیا کۆسۆڤۆیان وەکو دەوڵەتێکی سەربەخۆ نەناساندووە.

گرژییەکانی ئەمدواییانەی نێوان کۆسۆڤۆ و سڕبیا لەوەوە سەرچاوەی گرت کە حکومەتی کۆسۆڤۆ بڕیارێکی دەرکرد و تیایدا فەرمانی بە سڕبییەکانی وڵاتەکە کرد لە 1 ی مانگی نۆوە تابلۆی ئوتومبێلەکانیان بگۆڕن بۆ تابلۆی کۆسۆڤۆ.

سڕبییەکان بە گرتنی شەقامەکان و پێکدادان لەگەڵ پۆلیسدا وەڵامی فەرمانەکەیان دایەوە، دواتر هێزە ئاشتی پارێزەکانی هاوپەیمانێتی ناتۆ بڵاوەیان پێکردن.

گفتوگۆکانی نێوان یەکێتی ئەوروپا و نوێنەرانی ئەمەریکا لەگەڵ بەرپرسانی کۆسۆڤۆ و سڕبیادا سەبارەت بە پرسی تابلۆی ئوتومبێلەکان تاوەکو ئێستا هیچ ئەنجامێکی بەرچاوییان نەبووە و کێشەکە وەکو خۆی ماوەتەوە.

بۆڕێڵ وتی " بەپێی ڕێکەوتنەکە کە یەکێتی ئەوروپا کارئاسانی بۆ گفتوگۆکان کردووە، سڕبیا ڕازیبووە ڕێکارەکانی هاتن بۆ وڵاتەکە و چوونە دەرەوە لێی بۆ ئەو هاوڵاتیانە لاببات کە هەڵگری ناسنامەی کۆسۆڤۆن، هەروەها کۆسۆڤۆش ڕازی بووە داوای ناسنامەی کۆسۆڤۆیی نەکات لە هەڵگرانی ناسنامەی سڕبی."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG