پـیۆنگیانگ کشانەوەی خۆی ڕاگەیاند لەو ئۆفیسی پەیوەندیکردنەی لەگەڵ کۆریای باشور لە مانگی نۆی ساڵی ڕابردوو لە شاری کایسۆنگی کۆریای باکور کردبوویانەوە.
چون هەی سونگ جێگری وەزیری یەکگرتنەوەی کۆریای باشور ئەمڕۆ هەینی بۆ ڕۆژنامەوانانی ئاشکراکرد، کاربەدەستانی کۆریای باکور لە ئۆفیسی پەیوەندیکردنەکە ئەمڕۆ لە میانەی کۆبوونەوەی هەفتانەدا بڕیارەکەیان ڕاگەیاند و گوتیان ڕاسپاردەی کاربەدەستە باڵاکانە.
ئەم بڕیارەی پـیۆنگیانگ پاش نزیکەی مانگێک دێت لە کۆبوونەوەکەی نێوان دانۆڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا و کیم جۆنگ ئون ڕێبەری کۆریای باکور لە ڤێتنام. کۆبوونەوەکە بەبێ ئەنجام کۆتایی هات.
شارەزایان دەڵێن پـێدەچێت ئەم هەنگاوەی کۆریای باکور فشارێک بێت بۆ سەر سیئۆل تاوەکو واشنتن بە کۆمەڵێک داوای قایل بکات.
مون جەی ئن سەرۆکی کۆریای باشور ڕۆڵێکی گەورەی بینی لە ئەنجامدانی وتووێژەکانی نێوان کۆریای باکور و ئەمەریکا. خوازیارە کۆریای باکور دەستبەرداری چەکی ناوکی بێت و ئەو ڕێکەوتنی ئاگربەستەی لە نێوانان هەردوو کۆریادا هەیە بۆ ڕێکەوتنێکی ئاشتی بگۆڕدرێت.