Accessibility links

سەرۆکی کۆریای باشور بە گەرمی لە پایتەختی کۆریای باکور پـێشوازی لێدەکرێت


سەرۆکی کۆریای باشور لە پـیۆنگ‌یانگی پایتەختی کۆریای باکورە بۆ وتووێژکردن لەگەڵ کاربەدەستانی ئەو وڵاتە لە بارەی داماڵینی چەکی ناوکی لە نیمچە دورگەی کۆریا.

مون جەی ئین ئەمڕۆ سێشەممە لە فڕۆکەخانەی نێودەڵەتی پـیۆنگ‌یانگ پـێشوازیـیەکی گەرمی لێکرا لە لایەن کیم جۆنگ ئون ڕێبەری کۆریای باکور. هاوکات بە دەیان هەزاران کەس لە خەڵکی کۆریای باکور بە جلوبەرگی ڕازاوەوە گوڵیان دەشەکانەوە و دروشمی یەکگرتنەوەی خاکی نیشتمانیان" دەگوتەوە.

پاشان هەردوو ڕێبەر پـێکەوە لە ئۆتۆمبیلێکی سەر کراوە سڵاویان لە خەڵکی کرد لەو کاتەی بەرەو شوێنی حەوانەوەی فەرمی لە پایخواۆنی پایتەخت دەبران.

ئۆفیسی سەرۆک مون بۆ میدیاکانی ڕاگەیاند سەردانەکە بۆ سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت و ئەمڕۆ کۆبوونەوەکان هەتا 5 ی پاش نیوەڕۆ درێژەیان پـێدەدرێت.

ئەمە سێیـیەم کۆبوونەوەی نێوان هەردوو ڕێبەرە. یاریدەدەرانی سەرۆکی کۆریای باشور دەڵێن دانۆڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا داوای لە سەرۆک مون کردووە ببێتە بەرپـرسی دانوستاندنەکانی نێوان ئەو و کیم جۆنگ ئون پاش ئەوەی لە مانگی ڕابردوو سەردانی مایک پەمپـێۆ وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی بۆ پـیۆنگیانگ هەڵوەشاندەوە.

واشنتن خوازیارە بە کردەوە لە کۆریای باکوری ببینێت کار بۆ داماڵینی چەکی ناوکی دەکات بەر لەوەی بە ئامانجێکی گرنگی پـیۆنگیانگ قایلبێت، ئەویش کۆتایی‌هێنانی فەرمی بە شەڕی کۆریا، ئەوەی لە ساڵی 1950 هەڵگیرسا و پاشان بە ئاگربەستێک لە ساڵی 1953 ڕاگیرا.

XS
SM
MD
LG