کۆریای باشور بڵندگۆکانی بە ئاڕاستەی کۆریای باکور کوژاندنەوە وەک نیاز باشیـیەک بۆ بەدیهنانی ئاشتەوایی هەمیشەیی لە ناوچەکەیاندا.
وەزارەتی بەرگری کۆریای باشور ئەمڕۆ دووشەممە لە ڕاگەیاندنێکدا گوتی" لە ئەمڕۆوە بڵندگۆکانمان کوژاندەوە بۆ هێورکردنەوەی گرژیـیە لەشکریـیەکان وە خولقاندنی دۆخێکی ئاشتیخوازانە بەر لە کۆبوونەوە باڵاکەی نێوان هەردوو کۆریا."
بڕیارە ڕۆژی هەینی مون جای ئن سەرۆکی کۆریای باشور و کیم جۆنگ ئون ڕێبەری کۆریای باکور لە ناوچەی پانمونجۆمی سەرسنوور کۆببنەوە بۆ نەهێشتنی نیگەرانیـیەکانی هەردوولا و باشکردنی پەیوەندیـیەکانی نێوانیان.
جێی ئاماژەیە ئەمە یەکەم جارە لە پاش زیاتر لە دوو ساڵ کۆریای باشور ئەو بڵندگۆیانەی دەکوژێنێتەوە کە بەردەوام موزیکی پۆپی کۆریای باشوری لێ بڵاودەکرێتەوە و هەروەها لە نێویدا دروشمی و ڕەخنەی دژ بە کۆریای باکوری لێیاندەوترێتەوە.
کۆریای باکوریش بە هەمان شێوەی بڵندگۆی خۆی داناوە و لە ڕێگەیەوە دروشمی دژ بە کۆریای باشور بڵاودەکاتەوە.
هەرچەندە ڕێکەوتنی ئاگربەست لە نێوانیاندا هەیە، بەڵام هێشتا بە فەرمی لە حاڵەتی شەڕدان، بەو پـێـیەی ڕێکەوتننامەی ئاشتی لە نێوانیاندا نیـیە.