Accessibility links

کاربەدەسـتێکی کۆریای باشور دەڵێت کۆریای باکور ئامادەیە دەستبەرداری بەرنامە ناوکیـیەکەی ببێت


کاربەدەستێکی کۆریای باشور دەڵێت پـیۆنگ‌یانگ ئامادەیە دەسـتبەرداری بەرنامە ناوکیـیەکەی ببێت، ئەگەربێت و گەرەنتی بدرێتێ ڕژێمەکەی پارێزراو دەبێت.

پاش کۆبوونەوەی شاندی کۆریای باشور لەگەڵ کیم جۆنگ ئون ڕێبەری کۆریای باکور ئەمڕۆ سێشەممە لە پـیۆنگ‌یانگ، چونگ ئوی یۆنگ ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی سەرۆکی کۆریای باشور لە سیۆلی پایتەختی وڵاتەکەیەوە گوتی " باکور بە ڕوونی خواستی خۆی نیشان‌داوە بۆ دەستبەرداربوون لە ناوکیـیەکەی، وە گوتویەتی ئەگەر هەڕەشەکان بەرامبەر باکور نەمێنن و مسۆگەربکرێت ڕژێمەکەی پارێزراو دەبێت، ئەوا هیچ پـێویست بە هەبوونی بەرنامەی ناوکی ناکات."

گوتیشی هەردوولا لەسەر بەستنی سێـیەم کۆبوونەوەی ئاست باڵا لە کۆتایی مانگی چوار لە پانمونجۆم ڕێکەوتوون، واتە لەو ناوچە سنووریـیەی نێوانیان، ئەوەی لە ساڵی 1953ئاگربەستەکەیان لێ واژو کرد.

ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی کۆریای باشور لە درێژەی لێدوانەکانیدا بۆ میدیاکان گوتیشی هەردوولایان ڕێکەوتوون هێڵکی پەیوەندی ڕاستەوخۆ بکرێتەوە لە نێوان مون جەی ئین سەرۆکی کۆریای باشور و ڕێبەری کۆریای باکور، ئەمەش بە مەبەستی هێورکردنەوەی گرژیـیە لەشکریـیەکان و زیاترکردنی هاوکاری نێوانیان.

هەردوو ڕێبەریش ڕێکەوتوون بەر لە کۆبوونەوەکەیان یەکەم پەیوەندی تەلەفۆنی نێوانیان ئەنجام بدەن. لەگەڵ ئەمانەش کۆریای باکور بەڵێنی داوە لە ماوەی بەڕێوەچوونی وتووێژەکان هیچ تاقیکردنەوەیەکی ناوکی و موشەکی ئەنجام نەدات.

جێی ئاماژەیە دوو کۆبوونەوە ئاست باڵاکەی پـێشتر ئەنجام درابوون، یەکێکیان لە ساڵی 2000 بوو لە نێوان کیم دەی جونگ سەرۆکی ئەو کاتەی کۆریای باشور و کیم جون ئێڵ باوکی ڕێبەری ئێستای کۆریای باکور، کۆبوونەوەی دووەمیش لە ساڵی 2007 بەڕێوەچوو لە نێوان ڕوە مو هیون سەرۆکی کۆریای باشور لەو سەردەمە لەگەڵ کیم جون ئێڵ.

هەرچەندە ڕێکەوتنی ئاگربەست لە نێوان هەردوو کۆریا هەیە، بەڵام بە فەرمی هێشتا لە حاڵەتی شەڕدان، بەو پـێـیەی ڕێکەوتننامەی ئاشتی لە نێوانیاندا نیـیە.

XS
SM
MD
LG