Accessibility links

هەردوو کۆریا بڕیاری ئاسایی‌کردنەوەی پەیوەندیـیەکانی نێوانیان دەدەن

  • VOA News

بەرپرسێکی کۆریای باشوور ڕایگەیاند کۆریای باکور پـێشنیاری کردووە شاندێکی باڵا بۆ ئۆڵۆمپیادی زستانە لە پیۆنگچانگ ڕەوانەبکات.

ئەم پـێشنیارە ڕۆژی سێشەمە کراوە لە میانەی یەکەم وتووێژی ڕاستەوخۆی نێوان هەردوو کۆریا لە پاش دوو ساڵ لە گرژی و ئاڵۆزی نێوانیان.

جێگری وەزیری یەکخستنەوەی کۆریای باشوور چوون هی سوونگ وتی" کۆریای باکوور گوتویەتی شاندێکی باڵا لە ئەندامانی ئۆڵۆمپیادی نیشتمانی، وەرزشەوانان، تیمی هاندەران، هونەرمەندان، تەماشاوانان، تیمی تێکواندۆ و ڕۆژنامەوانان بۆ ئۆڵۆمپیادی زستانەی پیۆنگچانگ دەنێرێت."

خەڵکی لە پیۆنگیانگی پایتەخت خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی سەبارەت بە وتووێژەکان نێوان وڵاتەکەیان و کۆریای باشوردا.

کیم ری ئا کە هاوڵاتیەکی پیۆنگیانگ گوتویەتی" هەموو کۆریـیەکان خوازیارن پەیوەندیـیەکانی نێوان باکوور و باشوور باشببێت، ئەمە زۆر گرنگە کە هەموو هاوڵاتیان لە دەوری یەک کۆببنەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، هەر شتێک ببێتە هۆی ئاڵۆزی لە نێوان هەردوولا دەبێت بە تەواوی بوەستێت."

سیئۆل لە ڕۆژی سێشەممە پشتڕاستیکردەوە کۆریای باکور ‌هێڵی پەیوەندی نێوانیانی لە بەشی ڕۆژئاوای سنوورەکان خستووەتەوە کار. کۆریای باشوریش بڕیاری داوە لە بەرامبەردا لە بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممەوە هێڵی پەیوەندی لەشکری نێوانیان بخاتەوە کار.

سیئۆل هەروەها پێشنیارێکی ئاڕاستەی باکور کرد، ئەویش بە شێوەێکی کاتی رێگە بدرێت ئەندامانی ئەو بنەماڵانەی کە بەهۆی شەڕەوە لە یەک دابڕاون چاویان بە یەکتربکەوێتەوە.

جێی ئاماژەیە پەیوەندیـیەکانی نێوان هەردوو کۆریا ڕاگیران، ئەمەش پاش ئەوەی کۆریای باکور دەستیکردەوە بە پەرەپـێدانی بەرنامەکانی ناوکی و موشەکی بالیستیکی وەک پەرپەرچدانەوەیەک لە بەرامبەر سزا نێودەوڵەتیـیەکان. لەم دوایـیانەش هێندەی دیکە گرژی لە نێوانیان کەوتەوە لە پاش لێدوانە توندەکانی نێوان دانۆڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا و کیم جۆن ئون ڕێبەری کۆریای باکور.

XS
SM
MD
LG