Accessibility links

سەربازێکی کۆریای باکور بەرەو کۆریای باشور هەڵدێت


کاربەدەستێـک لە لەشکری کۆریای باشور دەڵێت سەربازێکی کۆریای باکور لە ڕژێمی پـیۆنگیانگ هەڵهاتووە و توانیویەتی ناوچەی پانمونجوم نێوان هەردوو وڵات ببەزێنێت و خۆی بگەیەنێتە کۆریای باشور.

کاربەدەستەکە گوتی ڕووداوەکە ڕۆژی دووشەممە بووە و سەرەتا سەربازەکە بە ماشێنێکی لەشکری خۆی لە سنوورەکە نزیک کردووەتەوە کە چاودێریـیەکی ئێجگار زۆری لەسەرە، پاشان بە ڕاکردن خۆی گەیاندووەتە بەشی کۆریای باشور و خۆی لە پاڵ بینایەکدا حەشارداوە، هەرچەندە سەربازانی کۆریای باکور نزیکەی 40 فیشەکیان بە ئاڕاستەیدا تەقاندبوو و 5 گولـلەی بەرکەوتبوو، بەڵام سەربازەکە پاشگەز نەبووەتەوە.

سەربازانی کۆریای باشور هیچ وەڵامدانەوەیەکیان بۆ تەقەکان نەبوو، بەڵام 3 سەربازیان توانیان سەربازە هەڵهاتووەکە ڕابکێشن و بە پەلە بە فڕۆکەیەکی هەلیکۆپتەری نەتەوە یەکگرتووەکان ڕەوانەی نەخۆشخانەی بکەن.

پـزیشکێک لە نەخۆشخانەکە بە ڕۆژنامەوانانی گوت بە پەلە نەشتەرگەریەکی بۆ کراوە کە 5 کاژمێری خایاندووە. گوتیشی برینەکانی قورسن، بە تایبەتی شوێنی ئەو گولـلانەی بەر گەدەی کەتوون. باسی لەوەش کرد لە ماوەی 10 ڕۆژی داهاتوو یەکلا دەبێتەوە ئایا بەرەو باشبوون دەڕوات یان نا.

لەوەتای ساڵی 1948 وە کە کۆریا دابەشبوو، زیاتر لە 30 هەزار کەسی سیڤیل لە کۆریای باکورەوە هەڵهاتوون، بەڵام کەم جار کەسی لەشکری ئەو هەوڵەی داوە.

XS
SM
MD
LG