Accessibility links

کۆریای باکوور بنکەیەکی پیتاندنی یۆرانیۆم فراوان دەکات


وێنە سەتەلایتیەکانی ئەم دواییە نیشان دەدەن کە کۆریای باکوور بنکەیەکی پیتاندنی یۆرانیۆم لە دەزگای ناوکی یۆنگبیۆن فراوان دەکات، شارەزایان دەڵێن ئەمەش ئاماژەیەکە بەوەی کە نیازی هەیە بەرهەمهێنانی کەرەستی بۆمب زیاد بکات.

ئەم هەڵسەنگاندنە پاش ئەوە بوو کە بەم دواییانە کۆریای باکوور بە یەکەم تاقیکردنەوەی موشەکی لە ماوەی شەش مانگدا پاش وتووێژێکی دوورودرێژی لەگەڵ ئەمەریکا بۆ چەکداماڵین، گرژی دروست کرد.

جێفری لویس و شارەزایانی تر لە ئینستتوتی لێکۆڵینەوەی نێونەتەوەیی میدەلبەری لە مۆنتێرێ دەڵێن " فراوانکردنی بنکەی پیتاندنی ناوکی بە شێوەیەکی گشتی بەو مانایەیە کە کۆریای باکوور بەرنامەی هەیە بەرهەمەکانی یۆرانیۆمی پیتێندراوی بۆ ئاستی بەکارهێنان بۆ چەک لە دەزگای ناوکی یۆنگبیۆن زیاد دەکات تا ئاستی %25".

ڕاپۆرتەکەیان دەڵێت ئەو وێنانەی کە لەلایەن کۆمپانیای ماکسار گیراون بنیاتنان لە بەشی پیتاندنی یۆرانیۆمی دەزگای یۆنگبیۆن نیشان دەدەن.

ڕاپۆرتەکە دەڵێت وێنەیەکی سەتەلایتی کە لە 1ی سێپتەمبەر گیراوە نیشان دەداتکوریای باکوور درەختەکانی پاککردەوە و زەمینەی دروستکردنی ئامادە کرد، هەروەها هەڵکەندنی بیناسازیش دیار بوو. هەروەها دەشلێت وێنەی دووهەم کە لە 14 ی سێپتەمبەر گیراوە نیشان دەدات دیوارێک لەو شوێنە بینا کراوە کە بە بەشی پیتاندنەکەوە لکاوەو کار لەسەر بناغەکەی و گواستنەوەی وێستگە ناوکییەکان دەکرێت.

ڕاپۆرتەکە دەڵێت ئەو شوێنە نوێیە نزیکەی هەزار مەتردووجا گەورەیە کە بەسە بۆ دادنانی یەک هەزار سەنتەرفیوجی نوێ کە تواناییەکانی ئەو دەزگایە بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ ئاستێکی بەرزتر تا ئەندازەی %25 زیاد دەکات.

چەکی ناوکی بە یۆرانیۆم کە لە ئاستێکی بەرزدا پیتێندرابێت یان بە پلۆتۆنیۆم دروست دەکرێت کە کۆریای باکوور دامودەزگای هەردووکیانی لە بنکەی ناوکی یۆنگبیۆن هەیە.

مانگی ڕابردوو وێنەی سەتەلایتی یۆنگ بیۆن نیشانەکانی دەرخست کە کۆریای باکوور ئۆپەراسیۆنی ئاسانکارییەکانی دیکە بۆ بەرهەمهێنانی پلۆتۆنیۆمی بۆ چەک دووبارە بەکاردێنێت.

کۆریای باکوور بنکەی ناوکی یۆنگبیۆن بە نێوەندی پرۆگرامی ناوکی خۆی دەزانێت. لە میانەی لوتکەیەک لەگەڵ دانۆڵد ترامپی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا لە سەرەتای ساڵی 2019، کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور پێشنیاری کرد کە هەموو بنکەکە هەڵوەشێننەوە ئەگەر سزاکان لەسەریان لاببرێت. بەڵام ئەمەریکا پێشنیازەکەی کیمی ڕەتکردەوە چونکە ئەوان وەک هەنگاوێکی سنوورداری چەکداماڵین لێیان دەڕوانی.

هەندێک لە شارەزایانی ئەمەریکا و کۆریای باشوور پێیانوایە کە کۆریای باکوور بە شاراوەیی بە لایەنی کەمەوە یەک کارگەی زیاتر لە دەوڵەمەندکردنی یۆرانیۆمی هەیە. لە ساڵی 2018 بەرپرسێکی باڵای کۆریای باشوور بە پەرلەمانی گوت کە مەزەندە دەکرێت کۆریای باکوور هەتا 60 چەکی ناوەکی دروست کردووە.

خەملاندنی ئەوەی کە کۆریای باکوور ساڵانە چەند چەند جۆری چەک زیاد دەکات لە شەش بۆمبەوە بۆ 18 بۆمبە.

لە هەفتەی ڕابردوودا کۆریای باکوور هەردوو مووشەکی بالیستیکی و کروزی لە تاقیکردنەوەیەکدا بەرەو دەریا هەڵدا، وەک هەوڵێک بۆ هەمەجۆرکردنی هێزی مووشەکی خۆی و بەهێزکردنی توانای هێرش بۆ سەر کۆریای باشوور و ژاپۆن کە کۆی 80 هەزار سەربازی ئەمەریکایی تێدا جێگیرن. شارەزایان دەڵێن هەردوو ئەو جۆرە چەکە دەشێت بە ناوکی بەکاربهێندرێن.

کیم هەڕەشەی ئەوەی کردووە کە جبەخانەی ناوکی خۆی بەهێز بکات و چەکی پێشکەوتووتر بەدەستبهێنێت ئەگەر واشنتن دەستبەرداری دوژمنایەتی نەبێت لە دژی وڵاتکەی، کە مەبەستی لە سزاکانی بە سەرۆکایەتی ئەمەریکایەو هەروەها ڕاهێنانی بەردەوامی سەربازی ئەمەریکا لەگەڵ سیئۆڵ. بەڵام کیم هێشتا خۆی لە تاقیکردنەویە چەکی مەودا درێژ پاراستووە کە دەتوانێت ڕاستەوخۆ خاکی ئەمەریکا بکاتە ئامانج، بەو هیوایەی کە دەرفەتێک بۆ دیپلۆماسی لە داهاتوودا لەگەڵ واشنتن بهێڵێتەوە.

XS
SM
MD
LG