پەرلەمانی کۆریای باشور دەنگی دا بۆ لابردنی سەرۆکی وڵاتەکەیان لە پـۆستەکەی پاش ئەوەی بە ملیۆنان کەس بۆ چەندان هەفتە ڕژانە سەر جادەکانی ئەو وڵاتە بۆ ئەم مەبەستە، ئەمەش لە پاش تۆمەتبارکردنی بە گەندەڵی و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات.
یاسادانەرانی کۆریای باشور ئەمڕۆ هەینی بە 234 دەنگ لە بەرامبەر 56 دەنگ پـرۆژە بڕیاری لابردنی خانم (پاک گیون هەی) لە پـۆستەکەی پەسەندکرد.
ژمارەی یاسادانەران لە پەرلەمانی کۆریای باشور 300 ئەندامە و بۆ پەسەندکردنی پرۆژەکە دەنگی 200 یاسادانەر بەس بوو.
شۆنگ سی گیون سەرۆکی پەرلەمان لای خۆیەوە گوتی هەموو پەرلەمانتاران و خەڵکی کۆریای باشور لە بەرامبەر ئەم حاڵەتە مەترسیدارە غەمبارن و هیوای خواست جارێـکی دیکە ئەمە لە وڵاتەکەیان دووبارە نەبێتەوە.
پاش بڕیارەکەی پەرلەمان خانم پاک وتارێـکی لەسەر تەلەفیزیۆن پـێشکەشکرد و تیایدا گوتی " داوای لێبوردن لە هەموو خەڵکی کۆریای باشور دەکەم لە بەرامبەر ئەو هەموو پـشێویەی لە وڵاتەکەدا ناومەتەوە لە ئەنجامی کەمتەرخەمیم."
بڕیارەکە خانم پاک بە پـێشێلکردنی دەسـتور و یاسا تاوانباردەکات و دەڵێت گەندەڵی کردووە و بە خراپ دەسەڵاتەکانی خۆی بەکارهێناوە و شکستی هێناوە لە پاراستنی گەلەکەی.
بەپـێی دەستور دەبێت لە پاش ئەم بڕیارەی پەرلەمان، دەسەڵاتەکانی سەرۆک ڕادەستی سەرۆک وەزیر بکرێت، بەڵام خانم پاک هەر وەکو سەرۆک ناودەبرێت هەتا دادگای دەسـتوری بڕیاری لەسەر دەدات.