Accessibility links

وردەكارى هێرشەكەى داعش بۆ سەر قایمقامیەتى دوبز


شەوى رابردوو ژمارەیەک چەكدار و لایەنگرى داعش هەڵیانكوتایە سەر قایمقامیەت و پۆلیسى نەهێشتنى تاوانى قەزاى دوبزى باكورى كەركوک و بۆ ماوەى نزیكەى كاتژمێرێك كۆنترۆلیان كردن و دواتر بیناى قایمقامیەتیان سوتاند، پاشان هێزەكانى پێشمەرگەو دەزگا ئەمنیەكان رووبەروویان بوونەوە و بیناى قایمقامیەتیان لەبن دەست دەرهێنان، ئەمرۆش دەزگا ئەمنیەكان 3 كەسیان دەستگیركرد كە گومان دەكرێت داڕێژەرى پلانى هێرشەكە بن.

عەمید سەرحەد قادر بەڕێوەبەرى پۆلیسى قەزاو ناحیەكانى كەركوک، بە دەنگى ئەمەریكاى راگەیاند"ئەو چەكدارانەى داعش كە هێرشیانكردووەتە سەر بیناى قایمقامیەتى دوبز 6 كەس بوون ، سەرەتا یەكێكیان لەناو قایمقامیەت خۆى تەقاندووەتەوە و ئەوانی تر چوونەتە ناو قایمقامیەتى قەزاكە."

وتیشى"3 چەكدارى تریان لەناو قایمقامیەت دا سوتاون و چەكدارێكى تریان خۆى بە پۆلیسەكانى بازگەى دوبزدا تەقاندووەتەوە."

بەپێى زانیاریەكانى دەنگى ئەمەریكا ، لە هێرشەكەى شەوى رابردووى چەكدارەكانى داعش زیاتر لە 8 پۆلیس و كارمەندى دەزگا ئەمنیەكان گیانیان لەدەستداوە و نزیكەى 14 كەسیش برینداربوون.

كامەران كەركوكى ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى كەركوک، پێیوایە هێرشەكەى شەوى رابردووى داعش بۆ سەر قایمقامیەتى دوبز ئەو پەیامەى بۆ حكومەتى هەرێم لە پشتەوە بووە ئەوان هەركات بیانەوێ‌ت دەتوانن چالاكى ئەنجام بدەن.

هاوكات لەگەڵ هێرشى چەكدارەكانى داعش دا بۆ سەر قایمقامیەتى دوبز، هێزى پێشمەرگە خرایە حاڵەتى ئامادەباشیەوە و فڕۆكەكانى هاوپەیمانانیش بەسەر ئاسمانى ناوچەكەدا دەسوڕانەوە، چونكە گومان دەكرا داعش هێرش بكاتە سەر سەنگەرەكانى پێشمەرگە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:39 0:00
Direct link

XS
SM
MD
LG