شەوى ڕابردوو لە نێو شارى كەركوک بازرگانێک ڕفێنراو، ئەمڕۆش چەند چەكدارێكى نەناسراو جێگرى بەڕێوەبەرى فەرمانگەى پشكنەرى كۆمپانیاى نەوتى باكوریان دایە بەر دەستڕێژى گولـلە و خۆى و شۆفێرەكەیان كوشت.
عەمید سەرحەد قادر بەرێوەبەرى پۆلیسى قەزاو ناحیەكانى كەركوک، بە دەنگى ئەمەریكاى راگەیاند"ئەو كوشتن و ڕفاندنانەى لە كەركوک ئەنجام دەدرێن بەشێكیان لەلایەن گروپە تیرۆریستیەكانەوە ئەنجام دەدرێن و بەشەكەى تریشیان بۆ پارە و پەیوەندیان بە كێشەى كۆمەڵایەتیەوە هەیە."
وتیشى"لەچەند رۆژى داهاتوودا هێزى پۆلیس و ئاسایش بڵاوەیان پێدەكرێت و هەوڵى دەستگیركردنى ئەو كەسانە دەدرێت كە تاوان ئەنجام دەدەن."
پێشتریش لە گەڕەكى تسعینى شارى كەركوک لەلایەن چەند چەكدارێكەوە تەقە لەمحەمەد خەلیل جبورى سەرۆكى كوتلەى عەرەبى لە ئەنجومەنى پارێزگاى كەركوک كرا و كوژرا.
كامەران كەركوكى ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى كەركوک، ڕەخنەى لە دەزگا ئەمنیەكانى كەركوک گرت و بە گەندەڵ تۆمەتباریكردن ، وتى"ئەو تاوانانەى ئەنجام دەدرێن بەشێكیان پەیوەندیان بە قەیرانى دارایى یەوە هەیە."
لە ماوەى 12 ساڵى ڕابردوودا دیاردەى كوشتن و ڕفاندن لە نێو شارى كەركوکدا بوونى هەبووە و دەیان كەس لەو شارە لەلایەن چەكدارى نەناسراوەوە كوژراون و ڕفێنراون ، هەروەها دەزگا ئەمنیەكانیش چەندین گروپیان بە تۆمەتى ئەنجامدانى كوشتن و ڕفاندن دەستگیركردووە.