Accessibility links

خۆپیشاندان، ئەو کارتەی هەمیشە کورد لەکەرکوک هەڕەشەی بەکارهێنانی دەکات


که‌رکوک - خۆپێشاندان
که‌رکوک - خۆپێشاندان

حکومەتی عێراق بڕیاریداوە بە دامەزراندنی نزیکەی 2500 مامۆستا لەکەرکوک، بەڵام کوردەکانی ئەو شارە دەڵێن پرۆسەکە گەندەڵی تێدا کراوە، لەو ژمارەیە ناوی 1500 مامۆستای عەرەب بۆ دامەزراندن بەرزکراوەتەوە، لەکاتێکدا لیستەکە ناوی 500 مامۆستای کورد و440 مامۆستای تورکمانی تێدایە.

ڕەوەند مەلا مەحمود ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی، دەڵێت"کورد نیوەی دانیشتوانی کەرکوک پێکدێنێت، بۆیە گەر خۆپیشاندان بکەین خەڵکێکی زۆر دەبەینە سەر جادە، نەک سەد کەس و دووسەد کەس."

وتیشی"خۆپیشاندانی ئەمڕۆ لەسەر داوای سەرۆکایەتیەکانی عێراق دواخرا، ئەوان داوای ڕاگرتنی خۆپیشاندانەکەیان کرد تا کێشە دروست نەبێت، بەڵێنیشیان داوە بەزووترین کات کێشەکە چارەسەر بکەن."

ئیدارەی کەرکوک بێدەنگە بەرامبەر ئەو تۆمەتانەی بە خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتەکانی بۆ بەرژەوەندی پێکهاتەی عەرەب لە پرۆسەی دامەزراندن ئاراستەی دەکرێت،لەکاتێکدا پێشتر ئەو پرۆسەیە بە فلتەری ئەنجومەنی سڕکراوی پارێزگاکەدا تێدەپەڕی.

جوان حەسەن ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، بەدەنگی ئەمەریکای وت"عێراق وڵاتێکە تایەفەگەری و قەومچێتی و مەزهەبی تێیدا زاڵە، بۆیە پرۆسەی دامەزراندنیش لە کەرکوک لەسەر ئەو بنەمایە کراوە."

دەشڵێت"جاران پرۆسەی دامەزراندن بە رێککەوتن و بەفلتەری نوێنەری پێکهاتەکان لەنێو ئەنجومەن دەکرا، بەڵام ئەمجارە پارێزگار بە ئارەزووی خۆی کردوویەتی، بەشێوەیەک مامۆستا هەیە 30 خاڵی هەیە دانەمەزرێنراوە، هەشە بە 7 خاڵەوە ناوی هاتۆتەوە."

دواخستنی خۆپیشاندانی کوردەکانی کەرکوک لەکاتێکدایە، پێشتر کورد چەندین جار هەڕەشەی بەکارهێنانی ئەو کارتەی کردووە و بەکاری نەهێناوە، لەکاتێکدا ناو بەناو عەرەب و تورکمان دێنە سەر جادە و لەبەرامبەر پرسە جیاجیاکان دا ناڕەزایەتی دەردەبڕن، تەنانەت گەر ژمارەشیان کەم بووبێت.

رەوەند مەلا مەحمود سەرکردەی یەکێتی دەڵێت"کورد لەکەرکوک خۆپیشاندان بکات بەهەزاران کەس دەباتە سەر جادە، لەکاتێکدا نەیارەکانمان چەکیان بەدەستەوەیە، بۆیە حکومەت ترسی پشێوی هەیە."

دەشڵێت"تا ئێستا نەمانویستووە کێشە دروست ببێت، بەڵام ئەمجارە گەر بە قسەمان نەکرێت، ناتوانین پێش بەخەڵکی بگرین و خۆپیشاندان دەکرێت."

کوردەکانی کەرکوک گەرچی لەسەر بەڵێنی بەرپرسانی عێراق خۆپیشاندانەکەی ئەمڕۆ یەکشەمەیان دواخست، بەڵام هۆشداری داوە لەوەی گەر لەماوەی 3 ڕۆژدا داواکاریەکانیان جێبەجێ نەکرێت، ئەوا دەڕژێنە سەر شەقام.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:40 0:00


XS
SM
MD
LG