Accessibility links

هەرێم بە ڕێکەوتنەکەى ئێران و عێراق لەسەر نەوتى کەرکوک ڕازى نیـیە


وەزارەتى نەوتى ئێران و عێراق لەسەر دروستکردنى لیژنەیەک بۆ هەناردەکردنى نەوتى کەرکوک بۆ پاڵاوگەکانى ئێران رێککەوتون، لە کاتێکدا نەوتى کەرکوک لەژێر کۆنترۆڵى کورددایە و بێ‌ ئاگادارى هەرێم ئەو رێکەوتنە ئەنجامدراوە.

کامەران کەرکوکى، ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک ( پارتى)، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"بۆچوونى کورد بۆ ئەو رێکەوتنە وەرنەگیراوە، بۆیە کورد بەو رێکەوتنە ڕازى نابێت."

بەپێى رێکەوتنەکە، ئێران دیراسەى دامەزراندنى هێڵى بۆرى نەوتى کەرکوک- ئێران دەکات، لە کاتێکدا بیرە نەوتیەکانى کەرکوک لە ژێر کۆنترۆڵى هێزى پێشمەرگەدان و هەرێمیش بەو رێکەوتنە ڕازى نیـیە، بە تایبەت لە ئێستادا نەوتى ئەو پارێزگایە لە ڕێگەى تورکیاوە هەناردەى دەرەوە دەکرێت.

بە سەرکەوتنى رێکەوتنەکەى ئێران- عێراق، ئاڕاستەى هەناردەکردنى نەوتى کەرکوک لە ڕێگەى تورکیاوە بۆ ئێران دەگۆڕێت، هەروەها نەوتیش لە ژێر کۆنترۆڵى کورد لەلایەن عێراقەوە دەردەهێنرێت، لە کاتێکدا پێشتر نەوتى ئەو پارێزگایە بەڕێکەوتن و پشکدارى هەناردە کراوە.

مەسعود حەیدەر ئەندامى لیژنەى دارایى پەرلەمانى عێراق، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"رێکەوتنەکەى ئێران-عێراق هەوڵێکە بۆ دروستکردنى دەروازەیەکى نوێ‌ بۆ هەناردەى نەوتى کەرکوک، کە عێراق بۆى بچێتە سەر ئەمەدەکات."

بیرە نەوتیەکانى کەرکوک لە ئێستادا بەشێکى لە ژێر کۆنترۆڵى هەرێمدایە، بە تایبەت بیرە نەوتیەکانى ڕۆژئاواى ئەو شارە کە هێزێکى زۆرى پێشمەرگە لە دەوروبەرى ئەو بیرە نەوتیانە جێگیرکراون.

XS
SM
MD
LG