Accessibility links

سەنتەری رۆشنبیری و وەرزشی ئیمام خومەینی ناکۆکی دەستەڵاتدارانی کەرکوکی لێدەکەوێتەوە


نوسینی: ڕێکار حسێن، مهدی جندیا

ئەم ساڵ کەرکوك بەشدار بوو لە ئاهەنگی سی و حەوتەمین ساڵیادی هەڵگرسانی شۆڕشی ئیسلامی ئێراندا بە کردنەوەی سەنتەری رۆشنبیری و وەرزشی ئیمام خومەینی.

پارێزگاری کەرکوك سەنتەرەکەی وەك 'دیاری' کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ خەڵی کەرکوك ناساند؛ بەڵام هەندێ بەرپرسی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوك بەشداری بۆنەکە نەبوون و دەڵێن 'ئامانجی تر' لە پشت کردنەوەی ئەم سەنتەرە هەیە.

'دیاری سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران'

لەڕێوڕەسمی کردنەوەی سەنتەرەکە کە ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو بەڕێوە چوو وە بەرپرسانی پارێزگای کەرکوك و ئێران ئامادەی بوون، مورتەزا عەبادی، سەركونسوڵی ئێران لە هەولێر ڕایگەیاند، "ئیمام خومه‌ینی ده‌ڵێت هه‌ڵگیرسانی شۆرشی ئیسلامی ڕوناكییه‌كه‌ بۆ هه‌موو جیهان‌و ئه‌مڕۆ پاش تێپه‌ڕبونی 38 ساڵ به‌سه‌ر ئه‌و شۆڕشه‌دا‌و له‌م ڕێوڕه‌سمه‌دا ئه‌م سه‌نته‌ری ڕۆشنبیری‌و وه‌رزشییه‌ ده‌كه‌ینه‌ دیاری بۆ هاوڵاتییانی شاری كه‌ركوك."

دکتۆر نەجمەدین کەریم کە لە ڕێوڕەسمەکەدا ئامادەبوو باسی لە ڕۆڵی ئێران کرد لە عێڕاق بەتایبەت لەشەڕی دژ بە دەوڵەتی ئیسلامی و کۆڕەوی کورد لە ساڵی 1991. بە گووتەی پارێزگاری کەرکوك، "کۆماری ئیسلامی ئێران هه‌میشه‌ هاوكاری عێڕاقییه‌كان بوه‌‌و هه‌ڵویستی جوامێرانه‌یان هه‌بوه‌ له‌ شه‌ڕی دژ به‌ تیرۆریستانی داعش دا له‌ حوزه‌یرانی ساڵی (2014)ه‌وه‌ تا ئێستا هه‌روه‌ك پێشتر له‌ ساڵی 1991 پێشوازییه‌كی بی وێنه‌یان كرد له‌ ئاواره‌كان كه‌ له‌ده‌ستی به‌عس هه‌ڵاتبوون‌."

پارێزگاری كه‌ركوك هەروەها ڕایگەیاند، "ئه‌مڕۆ هه‌موان ئاماده‌ی كردنه‌وه‌ی ئه‌م سه‌نته‌ری ڕۆشنبیری‌و وه‌رزشیه‌ین كه‌ به‌ده‌ست پێشخه‌ری‌و پشتیوانی كۆماری ئیسلامی ئێران هاتۆتو كایه‌وه‌‌و هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ یادی سه‌ركه‌وتنی شۆڕشی ئیسلامی له‌ ئێراندا."

پارێزگاری کەرکوك سەنتەرەکەی وەك 'دیاریەك' بۆ دانیشتوانی کەرکوك له لایەن کۆماری ئیسلامی ئێران لە‌ یادی سه‌ركه‌وتنی شۆڕشی ئیسلامی وەسفکرد.

هەندێك بەرپرسانی کەرکوك گومانیان هەیە کە ئەمە تەنیا سەنتەرێکی ڕۆشنبیری بێت

هەموو بەرپرسانی کەرکوك ئەم سەنتەرە بە 'دیاری' نازانن و بەگوێرەی هەندێ لە دەستەڵاتدارانی پارێزگاکە 'شتێك هەیە لە پشتی.'

کامەران کەرکوکی، ئەندامی ئەنجومەنی پاریزگای کەرکوك، لە لێدوانێکدا بۆ دەنگی ئەمریکا بە نیگەرانیەوە باسی لە مەبەستی سەرەکی سەنتەرەکە کردو ڕایگەیاند کە ئەو تەنانەت لە ڕێوڕەسمی کردنەوەشی ئاگادار نەکراوەتەوە.

ئەو ئاماژەی بەوەکرد کە "پێشتر چەندین هەوڵی لەم شێوەیە هەبوونە بە بیانوی کردنەوەی سەنتەری پزیشکی و ڕۆشنبیری بەڵام هیچیان سەریان نەگرت جگە لەم سەنتەرەی ئێستا."

کامەران کەرکوکی بە گومانەوە لە 'ئامانجە شاراوەکانی' کردنەوەی سەنتەرەکەی ڕوانی و ڕایگەیاند، "شتێك هەیە لە پشت کردنەوەی ئەم سەنتەرە وە دوای نزیکی سێ مانگ هەموو ئامانجە شاراوەکانی دەردەکەون."

لەبارەی ئەوەی کە ئاخۆ دەکرێ ئەم سەنتەرە ڕۆڵی ئەرێنی ببینێت لە شارەکە، کامەران کەرکوکی وتی، "ئێران توانای ئەوەی نییە یارمەتی عێڕاق و کوردستان بدات.....ئێمە بە مێژوو بۆمان دەرکەوتووە کە پڕۆژەکانی ئێران شکست دێنن لە کەرکوك و کوردستان و هیچ بەرهەمیان نابێت."

کامەران کەرکوکی سەبارەت بە ڕۆڵی حەشدی شەعبی بۆ دەنگی ئەمریکا دوا و ڕایگەیاند کە لەم ماوەیە دا چالاکی و کاریگەری گرووپە شیعەکان لە کەرکوك زیادی کردووە.

بە بۆچونی کامەران کەرکوکی "هەندێ ئەندامی حەشدی شەعبی ڕۆڵی چالاکیان لەسەنتەرەکە دەبێت.

کۆمپانیای ئێرانی پڕۆژەکەی دروستکردووە

بەپێی زانیاریەکانی دەنگی ئەمریکا بینای سەنتەرەکە لەلایەن کۆمپانیایەکی سەربە گرووپی (مەپنا)ی ئێرانی دروستکراوە و نزیکی 14 مانگ لەمەوبەر گرێبەستی دروستکردنی لەگەڵ بەرپرسانی پارێزگای کەرکوك واژوکراوە.

بەڕێوبەرێکی کارگێڕی پێشوی گرووپی مەپنا کەنەیویست ناوی بهێندرێت بەدەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند، "پڕۆژەکە لەلایەن گروپێکی سەربە مەپنا دروستکراوە و نزیکی 400 هەزار دۆڵاری ئەمریکی تێچووە."

بە گوتەی سەرجاوەکە، "ئامانج لە دروستکردنی پڕۆژەکە بریتییە لە ڕاكێشانی هەموو چالاکیە ڕۆشنبیری و وەرزشیە سەرەکیەکانی شارەکە بۆ ژێر سایەی خۆی."

ماپنا گروپێکی کۆمپانیای زەبەلاحی ئێرانییە کە پڕۆژەی بونیادنان و وزە و ڕێگاوبان و چەندین پڕۆژەی تری پیشەسازی لە چەندین وڵاتدا ئەنجام دەدات. گروپەکە لەلایەن ڕۆژئاوا بەتایبەت کەنەدا و بەریتانیا بەوە تۆمەتباردەکرێت کە لەژێر کاریگەری هیزی پاسدارانی ئێران دایە و یارمەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانی داوە لە بەرهەمهێنانی چەکی قەدەغە کراودا.

باڵادەستی ئێران لە کەرکوك

لەدوای پرۆسەی داگیرکردنی عێڕاق لە ساڵی 2003 لەلایەن وڵاتانی هاوپەیمان بەسەرۆکایەتی ئەمریکا، کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوام باڵادەستی لە عێراق لە هەڵکشاندا دابووە. بەگوێرەی ڵێکۆڵەرەوەکان، دەستەڵاتی ئێران لە عێڕاق فراوانتر بوو لەدوای سەرهەڵدانی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) و هەڵوەشانەوەت هێزی بەرگری عێڕاق. لەئێستادا ئێران بەئاشکرا پشتگیری گرووپە میلیشیا شیعەکانی وەکو حەشدی شەعبی دەکات لەشەڕی بەرەنگاربونەوەی دژ بە داعش.

‌شارەزایان پێیان وایە شەڕی داعش لەهەمان کاتدا کێبڕکێی نێوان هێزی پێشمەرگە وحەشدی شەعبی زیاتر کرد بۆ باڵادەستی لە کەرکوك دا. کاتێك هێزی بەرگری عێراق ناوچە کێشەلەسەرەکانی بە کەرکوکیشەوە چۆڵکرد لەدوای هاتنی داعش لەساڵی 2014، هێزی پێشمەرگە بەتەواوی کۆنتڕۆڵی شارەکەی کرد و ڕایگەیاند کە جارێکی تر ناکشێتەوە.

بەگوێرەی هەندێ بەرپرسی کورد، ڕوون نییە کە ئاخۆ سەنتەری رۆشنبیری و وەرزشی ئیمام خومەینی کاریگەری دەبێت لەسەر کێبڕکێی کورد و گروپە شیعەکان لە کەرکوك؛ بەڵام ئەگەی بێت و ببێتە هۆی زیادکردنی دەستەڵاتی شیعە لە پارێزگاکە ئەوا زۆر لە کوردەکان بەگژیدا دەچنەوە.

لەکۆتایی لێدوانەکەی بۆ دەنگی ئەمریکا، کامەران کەرکوکی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوك بە دەنگێکی نیگەرانەوە وتی، "لە عێڕاق دا ئێستا کەس بە کەس نییە! کەس نازانێ چی ڕودەدات. ئامانجە شاراوەکانی ئەم سەنتەرە نازانم بەڵام دەرەنجامەکانی دەردەکەون."

XS
SM
MD
LG