رێبوار تاڵه‌بانى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركوك نوسراوێكى ئاراسته‌ى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق كردووه و كوتله كوردیه‌كان پشتگیرى لە نووسراوەکەی دەکەن کە تێیدا هاتووە، "گه‌ر به‌غدا ره‌زامه‌ندى له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنى نوسراوه‌كه بدات، سه‌رجه‌م لیسته كوردیه‌كان بۆ كه‌ركوك ده‌گه‌رێنه‌وه."
جوان حه‌سه‌ن كاندیدى كوتله‌ى كوردى بۆ سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى پارێزگا، به‌ده‌نگى ئه‌مه‌ریكاى راگه‌یاند"رێبوار تاڵه‌بانى پێش ئه‌وه‌ى نوسراوه‌كه‌ى ئاراسته‌ى عه‌بادى بكات، گفتووگۆى له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانى پارتى و یه‌كێتیشدا كردووه له‌نێو ئه‌نجومه‌ن."
گوتیشى"ئەگه‌ر عه‌بادى ره‌زامه‌ندى بدات له‌سه‌ر داواكاریه‌كانى نێو نوسراوه‌كه، ئه‌وا كوتله كوردیه‌كان ده‌گه‌رێنه‌وه و به‌شدارى كۆبونه‌وه‌كان ده‌كه‌ن."
جێبه‌جێكردنى داواكاریه‌كانى رێبوار تاڵه‌بانى له‌لایه‌ن به‌غداوه به‌ئه‌سته‌م داده‌نرێت، به‌و پێیه‌ى له ئێستادا حكومه‌تى عێراق ئاماده نیه ته‌نازول بۆ كورد بكات.
سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگادار كه داوایكرد ناوى بڵاونه‌كرێته‌وه، به‌ده‌نگى ئه‌مه‌ریكاى راگه‌یاند"ره‌نگه به‌غدا خۆى بێته خه‌ت بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ى دۆخى كه‌ركوك و دابه‌شكردنه‌وه‌ى پۆسته‌كانى كه‌ركوك به‌سه‌ر پێكهاته‌كاندا."
كوتله‌ى كوردى پلانێكى تر‌ى هه‌یه گه‌ر به‌غدا نه‌یه‌ته ژێر بارى جێبه‌جێكردنى خواسته‌كانى، ئه‌ویش ئه‌نجامدانى كۆبونه‌وه‌یه به‌به‌شدارى هه‌ر 26 ئه‌ندامه‌كه‌ى له‌ده‌ره‌وه‌ى كه‌ركوك و ده‌ركردنى بریارێك، تا كاریگه‌رى له‌سه‌ر كاروبارى سیاسى ناو كه‌ركوك دروست بكات.
سه‌باره‌ت به داواكاریه‌كانى نێو نوسراوه‌كه‌ى تاڵه‌بانى له‌به‌غدا، جوان حه‌سه‌ن وتى"داواكاریه‌كان بریتین له:ده‌ركردنى هێز له‌كه‌ركوك و راده‌ستكردنى دۆسیه‌ى ئه‌منى به پۆلیس، گه‌رانه‌وه‌ى ئاواره‌كان و قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ى زیانلێكه‌وتوان، دیارى كردنى چاره‌نوسى شوێن بزركراوه‌كان و ده‌رچوونى حه‌شدى شه‌عبى له‌باره‌گاى حیزبه كوردستانیه‌كان."
هه‌فته‌ى رابردوو حكومه‌تى عێراق بریارى دا به دانانى فه‌رمانده‌یه‌كى سه‌ربازى كورد، به‌فه‌رمانده‌ى فیرقه‌ى 20 ى سوپاى عێراق، ئه‌مه‌ش به‌هه‌نگاوێك داده‌نرێت بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ى دۆخى كه‌ركوك.