Accessibility links

سعودیە و پاکستان ڕەخنە لە کۆبوونەوەی لوتکەی ڕابەرانی ئیسلامی دەگرن لە مالیزیا


ڕابەرانی ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتانی ئیسلامی لەوانەش تورکیا و ئێران لە مالیزیا کۆبوونەوە، مەبەست لە کۆبوونەوەکە تاوتوێکردنی ئەو کێشانەیە کە ڕووبەڕووی جیهانی ئیسلامی بوونەتەوە، پاکستان و سعودیەش لەلای خۆیانەوە ڕەخنەیان لە کۆبوونەوەکە گرت و پێشتر ڕایانگەیاندبوو بەشداری تێدا ناکەن.

سەرۆک وەزیری مالیزیا مەهاتیر محەمەد لە ئێوارەخوانی پێشوازیکردن لە میوانەکان وتی کۆبوونەوەی لوتکەی کوالالمپور ئامانج لێی " ئەنجامدانی شتێکە " بۆ باشکردنی ژیانی موسوڵمانان و زاڵبوون بەسەر دیاردەی ئیسلامۆفۆبیادا لە جیهان.

مەهاتیری تەمەن 94 ساڵ کە بەتەمەنترین سەرۆک وەزیرە لە جیهاندا وتی " پێویستە ڕێگەیەک بدۆزینەوە بۆ چارەسەرکردنی کەموکورتیەکانمان و پشت بەستنمان بە نا موسوڵمانەکان بۆ پاراستن لە خۆمان دژی دوژمنانی ئیسلام."

سەرۆک وەزیری پاکستان عومران خان کە یەکێک بوو لەو سەرۆکانەی کە دەیویست کۆبوونەوەکە ئەنجام بدرێت لە دوا ساتدا بڕیاریدا بەشداری کۆبوونەوەکە نەکات.

کۆمەڵێک بەرپرسی پاکستانی کە نەیانویست ناویان ئاشکرا بکرێت بەهۆی ئەوەی کە ڕێگە پێدراو نین بۆ ڕاگەیاندنەکان قسە بکەن وتیان خان لەژێر فشاری سعودیەی هاوپەیمانیدا بڕیاریداوە بەشداری کۆبوونەوەکە نەکات، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی ڕاپۆرتی ڕاگەیاندنەکان لە زاری کۆمەڵێک بەرپرسی دیکەی پاکستانەوە دەڵین ئەوە هۆکاری بەشداری نەکردنی خان نەبووە.

لەلای خۆیەوە سعودیە دەڵێت ئەوە گۆڕەپانێکی گونجاو نیە بۆ تاوتوێکردنی ئەو بابەتانەی کە پەیوەستن بە موسوڵمانانی جیهانەوە کە ژمارەیان دەگاتە 1.75 ملیار کەس. بەڵام هەندێک لە شیکەرەوە سیاسییەکان دەڵێن سعودیە لەوە دەترسێت لە کۆبوونەوەکەدا لەلایەن تورکیا و ئێران و قەتەڕەوە پشتگوێ بخرێت.

دەزگای هەواڵی سعودیە ئاماژەی بەوەدا ڕۆژی سێشەممە سەرۆک وەزیری مالیزیا مەهاتیر محەمەد بە تەلەفون قسەی لەگەڵ پاشای سعودیە سەلماندا کردووە و پاشا سەلمان پێی ڕاگەیاندووە ئەو بابەتانە دەبێت لەڕێی ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامیەوە تاوتوێ بکرێن کە بنکەکەی لە جەددەی سعودیەیە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG