پاشای سعودیە سەلمان بن عەبدولعەزیز داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد " هەڵوێستێکی توندیان هەبێت " بۆ بەرپەرچدانەوەی هەوڵەکانی ڕژێمی ئێران بۆ بەدەستهێنانی چەکی کۆمەڵکوژی و پەرەپێدانی بەرنامە موشەکیە باڵیستیکیەکەی.
پاشای سعودیە لە وتاری ساڵانەیدا لەبەردەم ئەنجومەنی شورادا کە لیژنەیەکی ڕاوێژکاری حکومیە ئەم لێدوانەیدا.
پاشای سعودیە وتی " سعودیە جەخت لە مەترسی پڕۆژەکەی ڕژێمی ئێران دەکاتەوە لە ناوچەکەدا و هەروەها بەهۆی پشتیوانیکردنیەوە لە گروپە جیاجیاکان لە ناوچەکەدا و پشتیوانیکردن لە تیرۆر و دەستوەردان لە وڵاتانی دیکەدا، داوا دەکەین کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەڵوێستێکی توندی هەبێت بەرامبەری، تیایدا چارەسەرێکی ڕیشەیی بۆ هەوڵەکانی ئێران بکرێت بۆ بەدەستهێنانی چەکی کۆمەڵکوژی و پەرەپێدانی بەرنامە موشەکیە باڵیستیکیەکەی و دەستوەردانەکانی لە کاروباری ناوخۆی وڵاتانی دیکە و پشتیوانیکردنی لە تیرۆر و هەڕەشەکردنی لە ئاشتی و ئاسایشی وڵاتانی دیکە."
ئەمە یەکەمین لێدوانی پاشای سعودییەیە لە دوای ئەوەی لە مانگی نۆدا وتارێکی لەبەردەم کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا پێشکەش کرد و تیایدا ڕەخنەی لە ئێران گرت.
سعودیە و ئێران چەند سەدەیەکە لە ململانێدان لەسەر دەسەڵات لە ناوچەکەدا، هەروەها پشتیوانی لە بەرەی جیاواز دەکەن لە ململانێکانی سوریا و یەمەندا.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز