ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئون ڕۆژی سێشەممە گەیشتە پەکین، کە لەوێ لەگەڵ سەرۆکی چین شی جین پینگدا کۆدەبێتەوە و باس لە کۆبوونەوەکەی دەکەن لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ، ئەمەش لەکاتێکدا سیئۆل و واشنتن ڕێکەوتن لەسەر ئەوەی مانۆڕە سەربازییە گەورەکان ڕابگرن.
ئەمە سێیەمین سەردانی کیمە بۆ چین لەمساڵدا، هەفتەیەک دوای کۆبوونەوەکەشی دێت لەگەڵ سەرۆک ترامپدا.
کیم و سەرۆک ترامپ لە کۆبوونەوەکەیاندا ڕێکەوتن لەسەر ئەوەی نیمچە دوورگەی کۆریا خاڵی بکەنەوە لە چەکی ناوەکیی و ئەمەریکاش گرەنتی ئاسایشیدا بە کۆریای باکوور و کۆتایی هێنان بە مانۆڕە سەربازییە هاوبەشەکان لەگەڵ کۆریای باشووردا.
وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا و کۆریای باشوور ڕایانگەیاند مانۆڕە سەربازییە ساڵانەییەکانیان ڕادەگرن کە وابڕیار بوو لە مانگی هەشتدا ئەنجام بدرێت.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز