Accessibility links

کیم جۆنگ ئون بەڵێن دەدات بەرنامە ناوەکییەکەی کۆریای باکوور پتەوتر بکات


ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئون
ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئون

دەزگای هەواڵی ناوەندی کۆریای باکوور وتی ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئون لە میانەی نمایشێکی سەربازییدا لە پیۆنگیانگ بەڵێنیداوە بەرنامەی چەکی ناوەکی وڵاتەکە پتەوتر بکات.

دەزگای هەواڵی ناوەندی کۆریای باکوور لە زاری کیم جۆنگ ئونەوە بڵاویکردەوە " بەردەوام دەبین لە گرتنەبەری هەنگاوەکان بۆ پتەوکردن و پەرەپێدانی توانا ناوەکییەکانی وڵاتەکە بەخێرایی."

بەپێی دەزگاکە کیم لەمیانەی نمایشێکی سەربازییدا ئەم لێدوانەیداوە، نمایشەکەش بەهۆی ساڵیادی تێپەڕبوونی 90 ساڵ بەسەر دامەزراندنی سوپای کۆریای باکوورەوە بووە.

کۆریای باکوور بەهۆی بەرنامە ناوەکییەکەیەوە لەژێر سزا نێودەوڵەتیەکاندایە، گفتوگۆ دووبارەوە بووەکانیش بۆ ڕازیکردنی کیم بۆ کۆتایی هێنان بە بەرنامە ناوەکییەکەی سوودییان نەبووە.

ڕۆژی دووشەممە کیم جۆنگ ئون وتی چەکە ناوەکییەکانی وڵاتەکەی " سیمبولی هێزی نیشتیمانین " و " هێزی ناوەکیمان پتەوتر دەکەین و پەرەی پێدەدەین."

کۆریای باکوور لەم ساڵدا زیاتر لە 12 جار تاقیکردنەوەی چەکەکانی ئەنجامداوە، لەوانەش تاقیکردنەوەی موشەکێکی باڵیستیکی کیشوەربڕ، ئەوەش یەکەمین جار بوو لە ساڵی 2017 ەوە ئەو جۆرە موشەکە تاقی بکرێتەوە.

کیم لە وتارەکەیدا وتی ڕۆڵی سەرەکی چەکە ناوەکییەکانی وڵاتەکە بۆ بەرگرییکردن بووە، وتیشی " ناکرێت تەنها بە یەک ئەرکەوە ببەسترێنەوە."

وتی " ئەگەر هەر هێزێک هەوڵی لەناوبردنی بەرژەوەندییە بنچینەییەکانی وڵاتەکەمان بدات ئەوا هێزی ناوەکی وڵاتەکەمان هیچ بژاردەیەکی دیکەی نابێت جگە لەوەی بەشێوەیەکی پێشبینی نەکراو ئەرکی دووەمی ئەنجام بدات."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG