Accessibility links

ڕابەری کۆریای باکوور دەڵێت هەڵوێستی خۆی نەگۆڕیوە سەبارەت بە داماڵینی چەکی ناوەکیی


ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئون

ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئون وتی هەڵوێستی خۆی نەگۆڕیوە سەبارەت بە داماڵینی تەواوەتی چەکی ناوەکی بەڵام لەوانەیە ڕێوشوێنی نوێ بگرێتەبەر ئەگەر ئەمەریکا بەردەوام بێت لە بڕیاردانی تاکلایەنانە.

کیم لە لێدوانێکیدا سەبارەت بە ساڵی نوێ وتی پڕۆسەی داماڵینی چەکی ناوەکی خێراتر دەبێت ئەگەر ئەمەریکا لە بەرامبەردا ڕێوشوێن بگرێتەبەر. وتیشی ئامادەیە لە هەر کاتێکدا بێت لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپدا کۆببێتەوە.

بەڵام ڕوونی کردەوە کە کۆریای باکوور " هیچ بژاردەیەکی دیکەی نابێت جگە لەوەی بەشوێن ڕێوشوێنێکی نوێدا بگەڕێین لەپێناو پاراستنی سەروەری وڵاتەکە، ئەمەش لەکاتێکدا ئەگەر ئەمەریکا سوودی لە ئارامی گەلەکەمان وەرگرت و شتێکی سەپاند بەسەرمانە و بەردەوام بوو لە سزا و فشارەکانیان بەبێ ئەوەی ئەو بەڵێنە جێبەجێ بکات کە لەبەردەم جیهاندا داویەتی بە خۆی."

جێی ئاماژەیە لە مانگی شەشدا لە سینگاپوور سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ و ڕابەری کۆریای باکوور کۆبوونەوە و بەڵێنیاندا پێکەوە کار بکەن لەپێناو داماڵینی چەکی ناوەکیی و خستنەوەی ئاشتی و سەقامگیری هەمیشەیی لە ناوچەکەدا. بەڵام لەو کاتەوە هیچ پێشڕەوییەکی وەها بەدی نەکراوە لەلایەن هەردوولاوە.

پیۆنگیانگ داوا لە واشنتن دەکات سزاکان لەسەر کۆریای باکوور لاببات و بە فەڕمی کۆتایی جەنگی کۆریا کە لە ساڵەکانی نێوان 1950 و 1953 ڕوویدا ڕابگەیەنێت، لەبەرامبەریشدا کۆریای باکوور هەنگاو دەنێت بەرەو داماڵینی چەکی ناوەکی و داخستنی ئەو شوێنانەی کە چەکە ناوەکیی و موشەکەکانی تێدا تاقی دەکردەوە.

هەروەها کیم داواشی لە کۆریای باشوور کرد کە چیتر مەشقە سەربازییە هاوبەشەکانی لەگەڵ هێزە دەرەکییەکاندا نەکات و چیتر چەکی دەرەکی ستراتیژی بە ناوچەکەدا بڵاونەکاتەوە.

کیم وتی " ئێستا دوای ئەوەی کۆریای باکوور و کۆریای باشوور ڕێگەی ئاشتیان هەڵبژاردووە، ئێمە سوورین لەسەر ئەوەی پێویست ناکات هیچ مەشقێکی سەربازیی هاوبەش لەگەڵ هێزێکی دەرەکیدا ئەنجام بدرێت و دەبێت بەتەواوەتی بوەستێت لە بڵاوکردنەوەی چەکی جەنگی وەکو چەکی دەرەکی ستراتیژی."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG