ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئون دوای سەردانە شەش ڕۆژییەکەی بۆ ڕووسیا دەگەڕێتەوە بۆ کۆریای باکوور، سەردانەکەش نیگەرانییەکی جیهانیی لێکەوتەوە سەبارەت بە مامەڵەکانی گواستنەوەی چەک لە نێوان دوو وڵاتەکەدا.
ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو کیم جۆنگ ئون گەیشتە ڕووسیا، ئەوەش لە یەکەمین سەردانی دەرەوەیدا دوای چوار ساڵ، کیم لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتندا کۆبووەوە و سەردانی شوێنە سەرەکییە سەربازیی و تەکنەلۆجیاکانی ڕووسیای کرد. ڕۆژی یەکشەممە سەردانی زانکۆیەکی کرد و چەند چالاکییەکی ئەنجامدا.
دەزگای ڕاگەیاندنی سەر بە دەوڵەتی ڕووسیا وێنە و ڤیدیۆکانی کیم جۆنگ ئونی بڵاوکردەوە لە کاتێکدا کە سەردانی زانکۆکە دەکات و لەڕێی وەرگێڕەکانەوە قسە لەگەڵ بەرپرسانی ڕووسیادا دەکات.
دواتر کیم جۆنگ ئون سەردانی ئەکواریۆمی پریمۆرسکی کرد کە گەورەترین ئەکواریۆمە لە ڕووسیادا، بەپێی دەزگاکانی ڕووسیا، کیم کاتێکی خۆشی بەسەر بردووە.
ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو کیم لەگەڵ پوتندا کۆبووەوە، سەردانەکە تیشکی خستەسەر بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی نێوان دوو وڵاتەکە بە ڕووی زیادبوونی ڕووبەڕووبوونەوەکان لەگەڵ ڕۆژئاوا و ئەمەریکادا. بەرپرسانی کۆریای باشوور دەڵێن کۆریای باکوور دەتوانێت ئەو تەقەمەنییە بۆ ڕووسیا دابین بکات کە مۆسکۆ زۆر پێویستی پێیەتی بۆ جەنگەکەی لە ئۆکرانیادا، لە بەرامبەریشدا ڕووسیا تەکنەلۆجیای پێشکەوتووی چەکی دەداتێ کە دەکرێت بەرنامە ئەتۆمییەکەی کیم بەرەوپێشەوە ببات.
ڕۆژی شەممە کیم سەردانی فڕۆکەخانەیەکی نزیک ڤلادیڤۆستۆک کرد، کە لەوێ وەزیری بەرگری ڕووسیا سێرگێی شوێگۆ و بەرپرسانی باڵای دیکەی سەربازیی ڕووسیا لە نزیکەوە بۆمبڕێژە ستراتیژیی و فڕۆکە جەنگییەکانی ڕووسیایان پیشاندا.
دواتریش لەگەڵ شوێگۆدا سەردانی بنکەیەکی سەربازیی دەریاییان کرد و سەرکردەی هێزی دەریایی ڕووسیا نیکۆلای یەڤیمینۆڤ باسی لە توانا و چەکەکانی کەشتی ئەدمیڕاڵ شاپۆشنیکۆڤی کرد بۆ کیم، کەشتییەکە موشەکی مەودا دووری کالیبری لەسەرە کە ڕووسیا بەردەوام بەکاریهێناوە دژی ئامانجەکانی ناو ئۆکرانیا.
دەزگای هەواڵی ناوەندی کۆریای باکوور وتی هەریەک لە بەرپرسانی باڵای سەربازیی کۆریای باکوور، بە وەزیری بەرگری و فەرماندە باڵاکانی هێزی ئاسمانی و دەریاییەوە، لە سەردانەکانی ڕۆژی شەممەدا لەگەڵ کیمدا بوون.
دەزگاکە وتی کیم و شوێگۆ باسییان لە ژینگەی ئاسایشی ناوچەکە کردووە و ڕاوبۆچییان گۆڕیوەتەوە سەبارەت بەو کێشانەی کە دروست دەبن لە پتەوترکردنی هەماهەنگییە ستراتیژی و تەکتیکییەکاندا، هەروەها لە ئاڵوگۆڕی هاوبەشی نێوان هێزە چەکدارەکانی دوو وڵاتەکەدا."
سەردانەکانی کیم بۆ شوێنە سەربازیی و تەکنەلۆجیاکانی ڕووسیا ڕەنگە ئاماژەیەک بدەن لەسەر ئەوەی چی لە ڕووسیا دەوێت، لەوانەیە لە بەرامبەر ئەو " تەقەمەنییانەدا کە دەیدات بە ڕووسیا لە کاتێکدا کە ڕووسیا تەقەمەنی کەم بووەتەوە " شتێکی لە رووسیا بوێت.
شارەزایان پێیان وایە ئەگەری هاوکاری سەربازیی نێوان ڕووسیا و کۆریای باکوور ڕەنگە ئەو هەوڵانەش بگرێتەوە بۆ نوێکردنەوەی هێزە ئاسمانییە کۆنەکەی کۆریای باکوور، کە پشتی بەو فڕۆکە جەنگییانە بەستووە کە لە ساڵەکانی هەشتاکاندا لەلایەن یەکێتی سۆڤییەتەوە پێی دراوە.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا