Accessibility links

کوژرانی لانیکەم 112 فەلەستینی کە هەوڵی دەستکەوتنی یارمەتی مرۆییان داوە سەرکۆنەیەکی نێودەوڵەتی لێدەکەوێتەوە


کوژرانی لانیکەم 112 فەلەستینی لە کاتێکدا کە هەوڵی دەستکەوتنی یارمەتییە مرۆییەکانییان دەدا لە غەززە، سەرکۆنەکردنێکی فراوانی نێودەوڵەتی لێکەوتەوە، ئەوەش دوابەدوای ئەوەی گەواهیدەران و بەرپرسانی تەندروستی غەززە وتییان کوژرانی ئەو کەسانە بەهۆی تەقەی ئیسڕائیلەوە بووە. ئیسڕائیل ئەوە ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکەکە بەسەر یەکتردا ڕۆیشتوون و دواتر بارهەڵگرەکانی یارمەتییەکان هەڵاتوون و بەسەر خەڵکەکەدا ڕۆیشتوون.

بەرپرسانی تەندروستی غەززە سەرەتا وتییان ئیسڕائیل هێرشێکی ئاسمانی کردووەتە سەر قەرەباڵغییەک لە ڕێگای بازنەیی ئەل نەبوسی لە بەشی ڕۆژئاوای شاری غەززەی باکووری کەرتی غەززە. دواتر شایەتحاڵان وتییان هێزەکانی ئیسڕائیل تەقەیان کردووە لە کاتێکدا کە خەڵکەکە ئارد و خۆراکی قتوویان لە بارهەڵگرەکانی یارمەتییەکان دەرکردووە.

لەم چەند هەفتەیەی ڕابردوودا یارمەتییەکی کەم گەیشتووەتە غەززە و برسێتی بە شێوەیەکی بەرچاو بڵاوبووەتەوە. نەتەوە یەکگرتووەکانیش هۆشداری داوە و وتوویەتی مردن لە برسێتییا لە غەززە نزیک بووەتەوە.

سەرەتا بەرپرسانی ئیسڕائیل دانییان بەوەدانا کە تەقەیان کردووە، دەڵێن تەقەیان کردووە چونکە پێیان وابووە " مەترسیدار " بووە کاتێک خەڵکەکە بەپەلە و هەموویان پێکەوە بەرەو بارهەڵگرەکانی یارمەتییەکان ڕایان کردووە.

وتەبێژێکی هێزەکانی بەرگری ئیسڕائیل وتی هێزەکان تەنها " تەقەی ئاگادار کردنەوەیان " کردووە بۆ بڵاوەپێکردنی خەڵکەکە.

وتەبێژی هێزەکانی بەرگری ئیسڕائیل دانیێڵ هاگاری وتی " هێزەکانی بەرگری ئیسڕائیل هێرشییان نەکردووەتە سەر کاروانی یارمەتییەکان." وتیشی تانکەکانی ئیسڕائیل لەوێ بوون بۆ پاراستنی ئەو ڕێڕەوە مرۆییەی کە بۆ کاروانی بارهەڵگرەکان کراوەتەوە کە پێکهاتوون لە 38 بارهەڵگر.

هێزەکانی بەرگری ئیسڕائیل سەرەتا وتیشییان بەهۆی پاڵنان و پاڵەپەستۆ و کەوتنە ژێر بارهەڵگرەکانەوە دەیان کەس کوژراون و بریندار بوون.

هاگاری وتی " هەندێکییان زۆر بە توندی پاڵییان دەنا و تەنانەت بەسەر هاووڵاتییە غەززەییەکانی دیکەدا دەڕۆیشتن تاوەکو دەمردن، یارمەتییە مرۆییەکانییان تاڵان دەکرد."

وتیشی یارمەتییە مرۆییەکە لە ڕێی بەڵێندەرە تایبەتەکانەوە دابەش دەکرا و هێزەکانی بەرگری ئیسڕائیل لە ماوەی چوار شەوی ڕابردوودا ئۆپەراسیۆنی یارمەتی لەوشێوەیەیان ئەنجام داوە و هیچ ڕووداوێک ڕووینەداوە.

وتەبێژی کۆشکی سپی ئۆلیڤیا داڵتن بە ڕۆژنامەنووسانی وت " ئەم ڕووداوە دەبێت بە چڕی لێکۆڵینەوەی لێبکرێت."

داڵتن وتی ڕووداوەکەی باکووری غەززە " ئێجگار مەترسیدارە و زۆر زۆر نیگەرانی کردووین." سەبارەت بە گیان لە دەستدانی خەڵکەکەش وتی " بە ڕاستی تراجیدیایە."

وتیشی " پێشمان وایە ئەم ڕووداوە تیشک دەخاتە سەر پێویستییەکان بۆ فراوانکردنی یارمەتییە مرۆییەکان تاوەکو بتوانن بچنە ناو غەززەوە."

لە ماوەی ڕابردوودا لەم مانگەدا سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن پێشبینی ئەوەی کرد کە گفتوگۆکانی نێوان ئەمەریکا و قەتەڕ و میسڕ ڕەنگە تاوەکو ڕۆژی دووشەممە ئاگربەستێکییان لە جەنگەکەی غەززەدا لێبکەوێتەوە. بەڵام ڕۆژی پێنجشەممە کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بەوەی ئایا دوای ئەو ڕووداوەش هێشتا هەر پێی وایە تاوەکو ڕۆژی دووشەممە ئاگربەستێک ڕوودەدات، بایدن وتی " ڕەنگە تاوەکو ڕۆژی دووشەممە نەکرێت." بەڵام بە تەواوەتی بە دووری نەزانی.

کۆشکی سپی وتی بایدن بە جیا پەیوەندی تەلەفونی لەگەڵ سەرۆکی میسڕ و ئەمیری قەتەڕدا ئەنجام داوە و تاوتوێی کوژرانی هاووڵاتییانی سڤیل و بەپەلەیی تەواوکردنی گفتوگۆکانی ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکانییان کردووە.

سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن توڕەیی خۆی دەربڕی سەبارەت بە تەقەکردنەکان و لە پۆستێکدا لە ئێکس داوای ڕاستیی و دادپەروەریی و ڕێزگرتنی کرد لە یاسای نێودەوڵەتی.

سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا ئۆرسولا ڤۆن دێر لین وتی " بە تەواوەتی بێزار بووە بە وێنەکانی غەززە " و لە پۆستێکدا لە ئێکس نوسیویەتی دەبێت هەموو هەوڵێک بدرێت بۆ " لێکۆڵینەوە کردن لەوەی کە ڕوویداوە."

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش بە ڕۆژنامەنووسانی وت سەری سوڕماوە، وتی " پێم وایە دۆخێکی لەم شێوەیە پێویستی بە لێکۆڵینەوەیەکی کاریگەریی سەربەخۆ هەیە بۆ ئەوەی بزانرێت چۆن ئەوە کراوە و کێش بەرپرس بووە لێی."

لە نیویۆرکیش ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر داوای جەزائیر کۆبوونەوەیەکی داخراویی ئەنجامدا.

نوێنەری فەلەستینییەکان ڕیاز مەنسوڕ وتی ڕووداوەکە " کۆمەڵکوژییە." ئێران و چین و کۆمکاری عەرەبیش سەرکۆنەی توندوتیژییەکەیان کرد.

مەنسوڕ وتی " بەپێی ئەو زانیارییانەی کە هەمانە، دەیان کەس لەوانەی کوژراون فیشەک بەر سەرییان کەوتووە." ئەوە وەکو ئەوە نیە تەقە بە ئاسماندا بکەیت بۆ ئەوەی بڵاوە بە خەڵکەکە بکەیت. ئەوە بە ئامانجکردن و کوشتنێکی بە مەبەست بووە."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG