Accessibility links

قاچاغچیـیەکی ماددەی هۆشبەر لە فڕۆکەخانەی کێیڤ هەڵدێت


دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل دەڵێن هاوڵاتیـیەکیان کە لە ئۆکرانیا دەسـتگیرکرابوو بە تۆمەتی سەرۆکایەتیکردنی تۆڕێکی گەورەی فرۆشتنی ماددەی هۆشبەری حەشیشە لەسەر ئنتەرنێت، لە فڕۆکەخانەی کیێڤی پایتەخت لە دەستی پـۆلیس هەڵهاتووە.

پـۆلیسی ئیسرائیل ئەمڕۆ هەینی لە ڕاگەیاندنێکدا گوتی عامۆس دۆڤ سیلڤەر کە هاوڵاتینامەی ئەمەریکایشی هەیە، لە مانگی سێـیەوە لە ئۆکرانیا دەستگیرکراوە بە تۆمەتی فرۆشتنی حەشیشە لە ڕێگەی ئاپی تێلگرام. دەڵێن ئەم تۆڕە بە بەهای دەیان ملیۆن دۆلار ماددەی هۆشبەری فرۆشتووە.

ناوبراو سەرۆکی تۆڕەکەیە کە لە ئیسرائیل و ئۆکرانیا و ئەڵمانیا و ئەمەریکا خەڵکی هەیە.

سەرچاوەیەک لە پـۆلیسی ئۆکرانیا بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسی گوتووە ئیسرائیل داوای لە ئۆکرانیا کرد ناوبراوی ڕادەستبکرێت و دادگایەکی ئۆکرانیا لە کێیڤ ڕۆژی پـێنجشەممە بە داواکە ڕازیبووە. پاشان ئاسایشی ئۆکرانی بە دەستگیرکراوەیی بەرەو فڕۆکەخانەی کیێڤیان بردووە تاوەکو لەوێوە ڕەوانەی ئیسرائیلی بکەنەوە، بەڵام دەڵێن توانیویەتی هەڵبێت.

کاربەدەستانی ئۆکرانیا دەڵێن لێکۆڵینەوەیان دەستپـێکردووە تاوەکو بزانن چۆن ئەو کەسە بیانیـیە توانیویەتی لە دەستی پاسەوانانی ئاسایش ڕابکات.

XS
SM
MD
LG