شەوى پـێنجشەممە لەسەر هەینی رابردوو داعش لە دوو قۆڵەوە هێرشیكردە سەر سەنگەرەكانى پێشمەرگە لە ناوچەى زەرگەى سنورى قەزاى خورماتووى سەربە پارێزگاى سەڵاحەدین و دواى پێكدادانێكى دوو كاتژمێرى هێرشەكانى داعش تێكشكێنران.
لیوا كەمال موسڵیح فەرماندەى هێزى پێشمەرگە لەناوچەى زەرگە بە دەنگى ئەمەریكاى راگەیاند"لە هێرشەكەى داعش دا بۆ سەر سەنگەرەكانى پێشمەرگە، پێشمەرگەیەک گیانى لەدەستداوە و 3 پێشمەرگەى تریش برینداربوون."
ناوبراو وتیشى"ماوەى دوو كاتژمێر پێكدادانى قورس لە نێوان پێشمەرگە و داعش بەردەوام بووە و دواتر چەكدارەكانى داعش پاشەكشەیان كردووە."
بەپێى زانیاریەكانى دەنگى ئەمەریكا كە لەپلەدارێكى نێو هێزى پێشمەرگەوە دەستیكەوتوون ، داعش لەسەرەتاى هێرشەكەدا دوو رەبیەى هێزەكانى پێشمەرگەى كۆنترۆڵكردووە ، بەڵام دواتر پێشمەرگە هێرشى پێچەوانەى ئەنجامداوە و رەبیەكانى لەبن دەستى داعش دەرهێناوەتەوە.
هەر لەكاتى شەڕەكەدا هێلیكۆپتەر بە ئاسمانى ناوچەكەدا سوڕاوەتەوە و ژمارەیەكى زۆر گەنجى كوردیش لە قەزاى خورماتووەوە خۆیان گەیاندووە ئەو ناوچەیەى شەڕى لێبووە بۆ هاوكارى كردنى پێشمەرگە.
دەربارەى ئەو شوێنەى چەكدارەكانى داعش لێوەى هاتبوون ، فەرماندەكەى پێشمەرگە وتى"ژمارەیەكى زۆر گوندى وێرانە و رووخاو لەناوچە دوورە دەستەكانى نێوان تكریت و خورماتوودا هەیە كە ئەو گوندانە بوونەتە حەشارگە بۆ داعش."
لە ئێستا شەڕ لەنێوان پێشمەرگە و داعش لەناوچەى زەرگەى سنورى خورماتوو كۆتایى هاتووە ، بەڵام پێشمەرگە خراوەتە حاڵەتى ئامادەباشیەوە و هێزى زیاتر رەوانەى ناوچەكە كراوە.