Accessibility links

خورماتوو: بەڕێوەبەرى پـۆلیس و جێگرەكەى و 22 كارمەندى پۆلیس گیانیان لەدەستدا


شەوى ڕابردوو داعش هێرشێكى بەربڵاوى كردە سەر گوندەكانى باكورى خۆرئاواى قەزاى خورماتووى سەربە پارێزگاى سەڵاحەدین و 4 گوندى لەبن دەستى حەشدى شەعبى دەرهێنا ، شەڕەكە بە گیان لەدەستدانى زیاتر لە 22 ئەفسەر و پۆلیسى خورماتوو كۆتایى هات.

محەمەد فایەق بەرپرسى راگەیاندنى قایمقامیەتى قەزاى خورماتوو ، ئاماژەى بەوەكرد داعش سەرەتا لەگوندەكانى خۆرئاواى خورماتوو بۆمبى چێنراوى بۆ سوپاى عێراق داناوە و چەند سەربازێكى بریندار كردووە ، وتى"دواتر پۆلیسى خورماتوو رۆیشتوون بەهاناى سوپاى عێراقەوە، بەڵام لەرێگە كەوتوونەتە بۆسەى داعشەوە و زیاتر لە 22 كەسیان گیانى لەدەستداوە."

بەپێى زانیاریەكانى دەنگى ئەمەریكا، لەنێو ئەو 22 كارمەندەى پۆلیسى خورماتوو كە گیانیان لەدەستداوە ، عەقید مستەفا بەیاتى بەرێوەبەرى پۆلیسى خورماتوو و كوڕێكى تێدایە ، هەروەها موقەدەم ستار محەمەدى جێگرى بەرێوەبەرى پۆلیس و دوو ئەفسەرى تر لەنێو كوژراوەكاندان.

عەبدوڵا بۆر فەرماندەى میحوەرى خورماتووى هێزى پێشمەرگە، بەدەنگى ئەمەریكاى راگەیاند"چەكدارەكانى داعش دواى دەرهێنانى گوندەكان لەبن دەستى داعش، ویستویانە پێشرەوى زیاتر بكەن و هێرشیانكردووەتە سەر سەنگەرەكانى پێشمەرگەش."

ناوبراو وتیشى"پێشمەرگە هێرشەكەى داعشى تێكشكاندووە، بەڵام بەهۆى تەقاندنەوەى ئۆتۆمبێلى بۆمب رێژكراوەوە دوو پێشمەرگە گیانیان لەدەستداوە."

سەرلەبەیانى ئەمڕۆش ئۆتۆمبێلێكى بۆمب رێژكراو لە بازگەى دەروازەى خورماتوو تەقیەوە كە برینداربوونى گەنجێكى كوردى لێكەوتەوە ، هەروەها شەڕیش لەنێوان پێشمەرگە و حەشدى شەعبى روویدا و چەند چەكدارێك لەهەردوولا برینداربوون ، كەهۆكارى روودانى شەرِەكە رازى نەبوونى حەشدى شەعبى بووە لەپێشرەوى كردنى پێشمەرگە بەرەو ئەو گوندانەى كە داعش كۆنترۆڵى كردبوون.

سەبارەت بەشەڕەكەى نێوان پێشمەرگە و حەشد، عەبدوڵا بۆر وتى "پێشمەرگە پێشرەوى كردووە بەمەبەستى بەهاناچوونى حەشد ، بەڵام ئەوان رازى نەبوون و تەقەیان كردووە."

داعش لەسنورى خورماتوو جم و جۆڵى پەیدا كردووەتەوە ، بەتایبەت دوو هەفتە لەمەوبەر 3 خۆكوژیان خۆیان بەبازگەى سلێمان بەگى حەشدى شەعبى دا تەقاندەوە و لەناو خورماتووشدا دەست بەسەر چەند پشتێنێكى بۆمب رێژكراودا گیراوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:45 0:00

XS
SM
MD
LG