Accessibility links

خەلیفە حەفتەر خۆی بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی لیبیا کاندید دەکات


خەلیفە حەفتەر
خەلیفە حەفتەر

ڕابەری هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی لیبیا خەلیفە حەفتەر خۆکاندیدکردنی بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی لیبیا ڕاگەیاند کە وابڕیارە لە 24 ی مانگدا بەڕێوەبچێت، بەمەش دەبێتە ڕکابەری کوڕەکەی موعەمەر قەزافی کە بە هەمان شێوە خۆی بۆ سەرۆکایەتی وڵاتەکە کاندید کردووە.

حەفتەر لە وتارێکدا وتی " خۆم بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کاندید دەکەم، نەک لەبەر ئەوەی بگەڕێم بەدوای دەسەڵاتدا، بەڵکو لەبەر ئەوەی دەمەوێت ڕابەرایەتی گەلەکەم بکەم بەرەو سەربەرزیی و پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی."

ئەم ڕاگەیاندنەی حەفتەر دوو ڕۆژ دوای ئەوە دێت سەیف ئەل ئیسلامی کوڕەکەی قەزافی خۆکاندیدکردنی بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ڕاگەیاند، 10 ساڵ دوای مردنی باوکی لە یاخیبوونەکەی ساڵی 2011 دا کە هاوپەیمانێتی ناتۆ پشتیوانی لێکرد.

کوڕەکەی قەزافی بە تۆمەتی تاوانی جەنگ لەلایەن دادگای تاوانی نێودەوڵەتیەوە داواکراوە، هاوکات زۆرێک لە ڕۆژئاوای لیبیا ڕقیان لە حەفتەرە، ئەوەش بەهۆی هێرشە دوورودرێژەکەیەوە بۆ سەر تەڕابلسی پایتەخت و حەفتەر تۆمەتبار دەکەن بەوەی هەوڵی دامەزراندنی دیکتاتۆرییەتێکی سەربازیی دەدات.

حەفتەر لە وتارەکەیدا بەڵێنیدا بەرگری لە " یەکگرتوویی و سەربەخۆیی و سەروەریی لیبیا بکات." هەروەها داوای " ئاشتەوایی و ئاشتی و بونیادنان و سەقامگیری " کرد.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG