Accessibility links

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە بەغدا لەگەڵ کاربەدەسـتانی عێراق کۆدەبێتەوە


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بە سەردانێـکی پـێشتر ڕانەگەیەندراو گەیشتە بەغدای پایتەخی عێراق و لەوێ لەگەڵ کاربەدەستانی باڵای ئەو وڵاتە دەستی بە کۆبوونەوە کردووە سەبارەت بە مەسەلە ئاسایشی و ئابوری و کێشە سیاسیـیەکانی وڵاتەکە.

جان کێری ئەمڕۆ هەینی لە فڕۆکەخانەی بەغدا لە لایەن باڵیۆزی ئەمەریکا بۆ عێراق پـێشوازی لێکرا و پاشان ئیبراهیم جەعفەری وەزیری دەرەوەی عێراق بەخێرهاتنی کرد و بەرەو ئۆفیسەکانی حکومەت لە ناوچەی سەوز بەڕێکەوتن و لەوێ لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیری عێراق کۆبووەوە.

چاوەڕوان‌دەکرێت لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردسـتانی عێراقیش کۆبوونەوە ئەنجام بدات.

جۆن کێربی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا سەبارەت بەم سەردانە گوتی " بەڕێز کێری لە میانەی کۆبوونەوەکانی جەخت دەکاتەوە لەوەی ئەمەریکا بە توندی پاڵپشـتی حکومەتی عێراق دەکات لەم کاتەی عێراق ڕووبەڕووی کێشەی ئاسایشی و ئابوری و سیاسی گەورە دەبێتەوە."

پاشان وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بەنیازە داوا لە عێراقیـیەکان بکات لەم کاتەی تاووتوێی گۆڕانکاری لە کابینەی حکومەتدا دەکەن، گرنگە بەردەوام بن لە سەنگی خستنە سەر شەڕی دژی داعش و هەروەها لە کارەکانیان بۆ ڕزگارکردنی شاری موسڵ بەردەوامبن.

XS
SM
MD
LG