Accessibility links

دۆسیەی منداڵە ساوا فڕێدراوەکان لە کەرکوک


هیچ دۆسیەیەک هێندەی دۆسیەی منداڵە ساواکان بۆ دام و دەزگاکانی کەرکوک شۆک هێنەر و ئەستەم نیە، بەتایبەت هۆکاری فڕێدانی بەشێک لەو منداڵانە ناڕوونە، بەو پێیەی دام و دەزگاکان زانیاری ئەوتۆیان لەسەر ئەو کەسانە نیە کە منداڵەکانیان فڕێ دەدەن.

بەپێی وتەی ئەو کەسانەی لەنێو دادگاکانی کەرکوکن، ئەو منداڵانەی فڕێدەدرێن، سێ جۆرن، جۆری یەکەمیان: ئەو منداڵانەن کە ساوان و لەنێو گەڕەک و تەنانەت هەندێکجار لەنێو خاشاکیشدا فڕێ دەدرێن و ڕوون نیە بەچی هۆکارێک فڕێدراون، بەشێکی تریشیان، ئەوانەن کە فڕێدانیان پەیوەندی بە "خیانەتی هاوسەرگیریەوە" هەیە، بەشی سێیەمیشیان، بەهۆکاری دەست نەڕۆیی و خراپی ژیان و گوزەران لەلایەن خێزانەکانیانەوە جێهێڵراون.

سەید سیروان پارێزەر لە دادگای کەرکوک، چیرۆکی هەوڵدان بۆ فڕێدانی منداڵێکی ساوا بۆ دەنگی ئەمەریکا دەگێڕێتەوە، ئاماژەبەوەدەکات لەیەکێک لە دۆسیەکانی نێو دادگاکادا، پیاوێک بەتۆمەتی "خیانەتی هاوسەری" سکاڵای لەسەر ژنەکەی تۆمار کردووە و ئەو کەسەشی کوشتووە کە پەیوەندی لەگەڵ هاوسەرەکەی هەبووە، وەکئەو دەڵێت"پیاوەکە سێ منداڵی هەبووە و ژنەکەشی دوو گیان بووە، گومانی هەبووە، منداڵەکانی هی خۆی بن، بۆیە ڕەتیکردووەتەوە، منداڵەکان وەربگرێت، بۆیە دادگا بڕیاریداوە، پشکنینی دی ئێن ئەی بۆ منداڵەکانی بکرێت."

بەوتەی سەید سیروان، ئەنجامی پشکنینەکان دەریخستووە، کە سێ منداڵەکە لە پیاوەکەن و گرفتیان نەبووە، بەڵام منداڵە ساواکە، هی پیاوێکی تربووە، وتی"پیاوەکە هەوڵیدا منداڵە ساواکە فڕێ بدات، بەڵام من لە دۆسیەکەدا بووم، ڕێگریم لێکرد و نەمهێشت، منداڵەکەمان ڕادەستی ماڵی بێ باوکان کرد."

کۆتایی مانگی ئادار، پۆلیس لەنێو خۆڵ و خاشاکدا لە قەزای حەویجەی ڕۆژاوای کەرکوک منداڵێکی ساوای دۆزیەوە، دواتر لە ڕێگەی کامێراکانی چاودێریەوە، ژنێک کە فڕێدەری منداڵەکە بوو دۆزرایەوە، پاشان لەلایەن کەس و کارەکەیەوە بە تۆمەتی "منداڵ بوون، بەبێ هاوسەرگیری" کوژرا.

لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، چەندین منداڵی تری ساوا دۆزراونەتەوە، کە زۆربەی منداڵەکان لە کاتەکانی بەرە بەیاندا فڕێدراون، کە ڕەنگە هۆکاری هەڵبژاردنی ئەو کاتانە بۆ فڕێدانی منداڵە ساواکان ئەوە بێت، تا فڕێدەرەکان ئاشکرا نەبن و منداڵەکانیش بەزوویی بدۆزرێنەوە و هەڵبگیرێنەوە.

عەمید ڕزگار عەبدول بەڕێوەبەری پێشووی پۆلیسی نەهێشتنی توندوتیژی خێزانی، ئاماژەبەوەدەکات ئەو منداڵانەی دەدۆزرێنەوە، دۆسیەکانیان ڕەوانەی دادگا دەکرێت، دواتر بە بڕیاری دادوەر، دەدرێن بەو خێزانانە کە منداڵیان نابێت یاخود ئامادەیی بەخێوکردنیانن.

زۆربەی ئەو منداڵە ساوایەنەی کە دەدۆزرێنەوە، لە گەڕەک و ناوچە هەژارنیشینەکانن، هۆکاری سەرەکی فڕێدانیان پەیوەندی بە خیانەتی هاوسەرگیری و ئەو کچانەوە هەیە، کە پێش هاوسەرگیری کردن، پەیوەندی نادروستیان هەیە.

پارێزەر سەید سیروان، دۆسیەیەکی تری فڕێدانی منداڵی ساوای بۆ دەنگی ئەمەریکا گێڕایەوە، وتی"لەیەکێک لە گەڕەکەکانی کەرکوک، منداڵێکی ساوایان لەنێو خۆڵ و خاشاکدا فڕێدابوو، پۆلیس منداڵەکەی دۆزیەوە و دۆسیەکەی هێنرایە دادگا، دواتر منداڵەکە ڕادەستی خانەی بێ سەرپەرشتان کرا."

بەپێی وتەی بەرپرسانی ڕێکخراوی هیوای عێراقی، کە ڕێکخراوێکی ناحکومیە لە کەرکوک و چاودێری بارودۆخی خێزانی دەکات، لەم چەند ساڵەی دواییدا لەکەرکوک، ڕێژەی خیانەتی هاوسەری و جیابوونەوە ڕووی لە هەڵکشان کردووە، هۆکاری لەبەریەک هەڵوەشاندنەوەی خێزانیش، پەیوەندی بە دەست نەڕۆیی و هەژاریەوە هەیە.

پارێزەر سەید سیروان، ڕوونیکردەوە پیاوێک ڕۆیشتووەتە دادگا کە منداڵی زۆر بووە، وتوویەتی" منداڵەکان پێ بەخێو ناکرێت و فڕێیان دەدەن." بەڵام وەکئەو دەڵێت" لە دادگا ڕێگەی پێنەدراوە، دواتر پیاوەکە پێیوتین: جارێک منداڵەکانی فڕێداوە، دواتر ڕۆیشتووە هێناویەتیەوە."

پێشتر سرود ئەحمەد، بەرپرسی لقی کەرکوکی ڕێکخراوی هیوای عێراقی، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، هۆشیداربوو لە دۆخی خێزانی لەکەرکوک، ئاماژەی بەوەکردبوو زۆرێک لە پیاوان لە پێش چاوی هاوسەرەکانیان پەیوەندی تەلەفۆنی ئەنجام دەدەن و خیانەت دەکەن، هەروەک جەختیشیکردەوە"خیانەتی هاوسەری" بەشێوەیەکی مەترسیدار ڕووی لە هەڵکشانە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:34 0:00


XS
SM
MD
LG