Accessibility links

ئەفسەرێـکی پـۆلیسی لێکۆڵینەوە لە شاری کەرکوک دەکوژرێت


تیرۆرکردنى کەسایەتیە سیاسى و ئەمنیەکانى کەرکوک بەردەوامى هەیە، ئەمڕۆ چوارشەممە ئیحسان عیرفانى ئەفسەرى پۆلیسى لێکۆڵینەوەى تاوانەکانى کەرکوک لە کاتى رۆیشتنیدا بۆ سەر کارەکەی لەلایەن چەند چەکدارێکى نەناسراوەوە تەقەى لێکرا و تیرۆرکرا.

عەمید سەرحەد قادر بەڕێوەبەرى پۆلیسى قەزاو ناحیەکانى کەرکوک ، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"زۆربەى ئەو پلەدار و بەرپرسانەى کە لە کەرکوک تیرۆر دەکرێن پەیوەندیان بە تیرۆر و مەسەلەى ئەمنیەوە هەیە."

وتیشى"دۆسیەى تیرۆرکردنى بەرپرسان جیاوازن ، رەنگە دۆسیە هەبێت هۆکارەکەى سیاسى یان ناکۆکى شەخسى و کۆمەڵایەتى بێت."

بەپـێى زانیاریەکانى دەنگى ئەمەریکا، لەلایەن دەزگا ئەمنیەکانى کەرکوکەوە پێشتر چەند بەرپرسێک ئاگادار کراونەتەوە کە ئاگادارى خۆیان بن، بەو پێیەى گروپە چەکدارەکان پلانیان بۆ تیرۆر کردنیان داناوە کە لە نێویاندا ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگا هەیە.

زۆربەى ئەو بەرپرسانەى لەرابردوودا کراونەتە ئامانج سەربە عەرەبى سونە بوون ، پێشتریش دکتۆر نەجمەدین کەریم ى پارێزگاى کەرکوک لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگى ئەمەریکا گروپە چەکدارە توندڕەوەکانى بە بەئامانجکردنى کەسایەتیە سیاسى و ئەمنیەکان تۆمەتبار کردبوو.

ئازاد جەبارى سەرۆکى لیژنەى ئەمنى لەئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک، بەدەنگى ئەمریکاى راگەیاند"دەبێت بەرپرسانى کەرکوک ئاگادارى خۆیان بن ، لە ناوەختدا و بەبێ‌ پاسەوان دەرنەچن ، چونکە تیرۆر لەبۆسەدایە بۆیان."

بوونى تیرۆرى سیاسى لەناو شارى کەرکوک ، لە کاتێکدایە دەوروبەرى شارەکە بە پێشمەرگە و هێزى ئەمنى تەنراوە و لەنێو شارەکەشدا چەندین جۆر هێزى ئەمنى جیاواز بوونیان هەیە.

XS
SM
MD
LG