Accessibility links

لایەنە کوردیەکانى کەرکوک داواى هەڵبژاردن دەکەن


ئەمڕۆ پـێنجشەممە لایەنە کوردیەکانى کەرکوک لە بارەگاى کۆمەڵى ئیسلامى کۆبونەوە و لەکۆبونەوەکەدا ، جەختیان لەسەر ئەنجامدانى هەڵبژاردنى هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگا لە کەرکوک کردەوە ، لە کاتێکدا حکومەتى عێراقى هەوڵى دواخستنى دەدات.

ئیبراهیم خەلیل بەرپرسى مەڵبەندى کەرکوکى یەکگرتووى ئیسلامى ، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"کورد دەیەوێت هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگا لە کەرکوک بەو یاسایە بکرێ‌ کە هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکانى ترى پێدەکرێت ، بەڵام لایەنەکانى تر دەیانەوێت تایبەتمەندى بە کەرکوک بدرێ‌ و یاسایەکى تایبەتى بۆ دەربکرێت."

لە کۆبونەوەى لایەنە کوردیەکان دا جەخت لەسەر ئەنجامدانى هەڵبژاردن لە کەرکوک لە ساڵى 2018 لەگەڵ پارێزگاکانى ترى عێراق دا کراوەتەوە ، هەروەک دژى دواخستنى هەڵبژاردن و دەرکردنى یاساى جیاواز بوون بۆ هەڵبژاردنى کەرکوک.

ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک لە 41 کورسى پێکدێت کە لەئێستا 26 کورسى بەدەست کوردەوەیە ، هەروەها لە دوا هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراقیشدا کورد 8 کورسى پارێزگاکەى لە کۆى 12 کورسى بردەوە.

دەربارەى مەترسى لایەنەکان لەهەڵبژاردنى کەرکوک، ئیبراهیم خەلیل کەهاوکات ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاشە، وتى"ئەنجومەنى داهاتوى پارێزگاى کەرکوک دەسەڵاتى زیاترى دەبێت ، لایەنەکان لەوە دەترسن بڕیارى گێرانەوەى کەرکوک بۆ سەر هەرێم بدرێت."

دەنگى ئەمەریکا لەبارەى هۆکارى هەوڵدانیان بۆ ئەنجام نەدانى هەڵبژاردن لەکەرکوک ، پەیوەندى بە نەجات حسێن ئەندامى کوتلەى تورکمانى لەئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک کرد ، بەڵام ئامادەنەبوو لەوبارەیەوە لێدوان بدات.

لاى خۆیەوە حەمدى گلى چاودێرى سیاسى لەکەرکوک، پێیوایە حکومەتى عێراق رێگە بەئەنجامدانى هەڵبژاردن لەکەرکوک نادات لەم قۆناغەدا ، وەکو ئەو دەڵێت"حکومەتى عێراقى دەیەوێت پرۆسەى ناردنى عەرەب بۆ ناو کەرکوک و بەشیعەکردنى شارەکە بدات و کاتێک هەڵبژاردن بکات ، رێژەى عەرەب و تورکمان لە کورد کەمتر نەبێت."

لە دواى روخانى رژێمى بەعسەوە تا ئێستا تەنها یەکجار و لەساڵى 2005 هەڵبژاردنى بۆ ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک کراوە، ئەم ئەنجومەنەى ئێستاش حەوت ساڵ بەسەر وادەى یاساییاندا تێپەڕیوە و هێشتاش کاتى ئەنجامدانى هەڵبژاردن لەو پارێزگایە دیارنیە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:26 0:00

XS
SM
MD
LG