Accessibility links

گەورەترین كوتلەى نێو ئەنجومەنى پارێزگای کەرکوک دژى پرۆژەى بەهەرێمكردنى پارێزگاکە وەستایەوە


لیستى برایەتى كەركوک كە گەورەترین كوتلەى نێو ئەنجومەنى پارێزگاى كەركوكە ، بەكۆى دەنگ و بەفەرمى پرۆژەى بەهەرێم كردنى پارێزگاى كەركوكى رەتكردەوە و پشتیوانى خۆى بۆ گێڕانەوەى ئەو پارێزگایە بۆ سەر هەرێم دەربڕى.

ئیبراهیم خەلیل نوێنەرى یەكگرتووى ئیسلامى لە نێو لیستى برایەتى كەركوک، بە دەنگى ئەمەریكاى راگەیاند"وەكو لیستى برایەتى دژى بەهەرێمكردنى شارى كەركوكین و ئەو پرۆژانە رەتدەكەینەوە كە بۆ ئەو مەبەستە پێشكەش كراون."

ئەنجومەنى پارێزگاى كەركوک كە نوێنەرایەتى چین و توێژەكانى ئەو پارێزگایە دەكات لە 41 كورسى پێكهاتووە ، لیستى برایەتى كەركوك خاوەنى 26 كورسى و لیستى توركمان خاوەنى 9 كورسى و عەرەبى سونەش 6 كورسى هەیە.

ئەحمەد عەسكەرى یەكێك لە نوێنەرانى یەكێتى نیشتیمانى لە نێو لیستى برایەتى كەركوک، ئاماژەى بەوەكرد پرۆژەى بەهەرێمكردنى كەركوک لە بنەماوە پرۆژەى توركمانەكانە ، چونكە ئەوان لە پەراوێزخستن و پشتگوێ‌ خستن دەترسن بۆیە ئەو پرۆژەیەیان پێشكەش كردووە، وتى"ئێمە دژى پرۆژەكەین."

پێشتر بۆ یەكەمجار دكتۆر نەجمەدین كەریم ى پارێزگارى كەركوكیش بە فەرمى پشتگیرى خۆى بۆ پرۆژەى بەهەرێمكردنى كەركوک راگەیاند، ئەمەش نیگەرانى تەواوى لایەنە سیاسیە كوردیەكانى لێكەوتەوە.

كامەران كەركوكى یەكێک لە نوێنەرانى پارتى لە نێو لیستى برایەتى كەركوک، بە دەنگى ئەمەریكاى راگەیاند"پارێزگار دەسەڵاتى جێبەجێكردنە و مەسەلەى بەهەرێمكردن پەیوەندى بەوەوە نیە ، بەڵكو پەیوەندى بە ئەنجومەنى پارێزگا و كۆمیسیۆن و عێراقەوە هەیە ، بەڵام ئێمە وەكو ئەنجومەنى پارێزگا دژى بیرۆكەى بەهەرێم كردنى كەركوكین."

شارى كەركوك لە ئێستادا هەرچەندە لە ڕووى ئیداریەوە سەربە حكومەتى ناوەندى یە ، بەڵام هێزى پێشمەرگە و هەرێم بەسەر ئەو پارێزگایەدا باڵادەستە ، بۆیە بەشێک لە چاودێران گێڕانەوەى ئەو پارێزگایە لەم كاتەدا بۆ سەر هەرێم بە گونجاو دەزانن.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:18 0:00
Direct link

XS
SM
MD
LG