Accessibility links

وردەکاری رووداوەکەی گوندی هەفتەغارى داقوق


لە ئەنجامى بارگرژیەکانى شەوى رابردووى سنوورى قەزاى داقوقى باشورى کەرکوک، 11 کەس کوژران و 4 کەسى تریش بریندار بوون، کە 9 لە کوژراوەکان ئەندامى یەک خێزان بوون.

بارگرژیەکانى شەوى رابردوو، بە هاوەنبارانکردنى گوندى کوردنیشینى هەفتەغارى سەربە قەزاى داقوق لەلایەن "هێزێکى نەناسراو"ەوە دەستیپێکرد، دواتر بارگرژیەکە بۆ نێو قەزاى داقوق گواسترایەوە و پێکدادانى نێوان پۆلیسى ئیتیحادى و پۆلیسى نەهێشتنى تاوانى لێکەوتەوە.

ئیدریس عادل جێگرى بەرپرسى مەڵبەندى کەرکوکى یەکێتى، کە خۆى خەڵکى گوندى هەفتەغارە، بە دەنگى ئەمەریکاى وت"سەرەتاى کێشەکە بە هاوەنبارانکردنى گوندى هەفتەغار دەستیپێکرد، 5 هاوەن ئاڕاستەى گوندەکە کرا."

وتیشى"بەهۆى هاوەنبارانکردنى گوندى هەفتەغارەوە، کەسێک گیانى لەدەستدا و 3 کەسى تریش برینداربوون، کوژراو بریندارەکان لە یەک خێزانن."

لە کاتى هاوەنبارانکردنى گوندى هەفتەغاردا، هێزەکانى پۆلیسى ئیتیحادى کە ئەمنیەتى ناوچەکەیان هەتا ناو شارۆچکەى داقوق لە ژێر کۆنترۆڵدایە، خرابوونە حاڵەتى ئامادەباشیەوە.

له ‌کاتى ڕووداوەکەدا، خێزانێکى عەرەب کە سەرجەمیان لەنێو ئۆتۆمبێلێکى جۆرى ئۆپڵ دا بوون، لە سنوورى گوندى هەفتەغارەوە بەرەو ناو شارۆچکەى داقوق ڕۆیشتوون، لەو کاتەدا دراونەتە بەر دەستدرێژى گولـلە و 10 کەس لە نێو ئۆتۆمبێلەکەدا بوون، 9 کەسیان کوژراون، تەنها منداڵێکى بچوکیان بە بریندارى ڕزگارى بووە.

پۆلیسى ئیتیحادى نکۆڵى دەکات لەوەى ئەوان دەستیان لە کوشتنى خێزانە 9 کەسیەکەدا هەبووبێت، بەڵام ئەو ناوچەیەى ئۆتۆمبێلەکەى تێدا دراوەتە بەر دەسترێژى گولـلە، دەرەوەى سنوورى داعشە، بۆیە گومانەکان بۆ ئەوە دەچن کارەکە لەلایەن پۆلیسى ئیتیحادیەوە و بە هەڵە ئەنجام درابێت.

سەرچاوەیەک لە پۆلیسى قەزاى داقوق کە لەبەر هەستیارى بابەتەکە داوایکرد ناوى بڵاو نەکرێتەوە، بە دەنگى ئەمەریکاى وت"شەوى ڕابردوو کاتێک تەرمى خێزانە 9 کەسیەکە براونەتە نەخۆشخانەى داقوق، ئەفسەرێکى پۆلیسى نەهێشتنى تاوان و پاسەوانێکى رۆیشتونەتە نەخۆشخانەکە بۆ لێکۆڵینەوە."

وەک سەرچاوەکە ئاماژەى بۆ کرد، لەلایەن پۆلیسى ئیتیحادیەوە رێگرى کراوە لە ئەفسەرەکەى نەهێشتنى تاوان، تا لێکۆڵینەوە لە چۆنیەتى کوژرانى خێزانە 9 کەسیەکە بکات، بۆیە ئەفسەکە و پۆلیسى ئیتیحادى بووەتە کێشەیان.

سەرچاوەکە، وتى"دواتر پۆلیسى ئیتیحادى لە نێو نەخۆشخانەکەدا، ئەفسەرەکەى نەهێشتنى تاوانیان کوشتووە، کە ناوى محەمەد قاسم بووە و کەسێکى تورکمانى دانیشتوى داقوقە."

لەگەڵ بڵاوبوونەوەى هەواڵى کوژرانى ئەفسەرە تورکمانەکەدا لەلایەن پۆلیسى ئیتیحادیەوە، دانیشتوانى داقوق درەنگانێکى شەوى رابردوو، رژانە سەر شەقامەکان و خۆپیشاندانیان ئەنجامدا، داواى دەستگیرى کردنى بکوژى ئەفسەرەکە و چوونە دەرەوەى پۆلیسى ئیتیحادیان لە قەزاکە کرد.

بەرزان تاڵەبانى ئەندامى ئەنجومەنى قەزاى داقوق، بەدەنگى ئەمەریکاى وت"لەسەر داواى خۆپیشاندەران پۆلیسى ئیتیحادى لە قەزاى داقوق ڕۆیشتوونەتە دەرەوە."

ناوبراو، ئاماژەى بەوەشکرد کۆى ڕووداوەکانى شەوى رابردوو جێى گومانە، بە تایبەت هاوەنەکان لە ڕۆژهەڵاتەوە ئاراستەى گوندى هەفتەغار کراون، کە ئەو ناوچەیە داعشى تیا نیە، وتیشى"کوژرانى خێزانە 9 کەسیەکەش هەم جێى گومانە."

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:37 0:00

XS
SM
MD
LG