Accessibility links

کینیا دەڵێت هەموو هێرشبەرەکانی ناو هۆتێلەکەی نایروبی کوژراون


سەرۆکی کینیا ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند هێزەکانی ئاسایشی وڵاتەکە چەکدارە توندڕەوە ئیسلامیەکانیان کوشت کە هێرشیان کردبووە سەر هۆتێلێکی گەورەی پایتەخت و لە ئاکامدا 14 کەسی بێتوان کوژران.

سەرۆک ئهورو کینیاتا لە ڕاگەیاندنی کۆتاییهێنان بە هەڵمەتەکەی شەوی ڕابردووی هێزەکانی ئاسایش بۆ پاککردنەوەی کۆمەڵە بیناکانی هوتێلەکەی نایرۆبی پایتەخت، گوتی " هەموو تێرۆرستەکان لەناوبران."

لە وتارە تەلەفیزیۆنییەکەیدا کینیاتا ئاماژەی بەوە نەکرد کە هێرشبەرەکان چەند کەس بوون. ئەو گوتی زیاتر لە 700 کەس لەو ئۆپەراسیۆنەدا ڕزگارکراون و داوای لە خەڵکی کینیا کرد بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان بەبێ ترس و گوتیشی ئەو وڵاتەی ڕۆژهەڵاتی ئافریکا پارێزراوە.

بە درێژایی پاش نێوەڕۆی سێشەممە دەنگی تەقە لە هوتێلەکە ناوبەناو دەبیسترا لە و هاوکات ژمارەیەکی خەڵکی ڕزگارکران لە دەمی ئۆپەراسیۆنەکەی پۆلیسدا. پاش نیوەڕۆش دەنگی تەقینەوەیەکی تر بیسترا لە کاتێکدا گەواهدەران ڕایانگەیاند هێزەکانی ئاسایش ناو باڵەخانەکان دەگەڕان بۆ پاککردنەوەی لە هەر تەقەمەنییەک.

گرتەیەکی ڤیدیۆیی کامێرای چاودێری دەریدەخات بەلایەنی کەم 4 هێرشبەر بەشداربوون لەو هێرشەی پاش نیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە دەستیپێکرد.

گروپی توندڕەوی ئەلشەباب هاوپەیمانی ئەلقاعیدە کە بنکەیان لە سۆمالیای دراوسێیە بەرپرسیارێتی ئەو هێرشەی گرتۆتە ئەستۆ.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا پشتڕاستی کردەوە هاوڵاتییەکی ئەمەریکایی لە نێو کوژراوەکاندایە و کۆمپانیای نێونەتەوەیی I-DEV یش پشتڕاستی کردەوە هاودامەزرێنەری کۆمپانیاکە جەیسن سپیندلەر کوژراوە. کۆمسیاری باڵایی بەریتانیا لە کینیاش دەڵێت بەلایەنی کەم هاوڵاتییەکی بەریتانی لەو ڕووداوەدا کوژراوە.

XS
SM
MD
LG