Accessibility links

کازاخستان دەڵێت دان نانێت بە ڕیفراندۆمەکانی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیادا


وەزارەتی دەرەوەی کازاخستان دەڵێت وڵاتەکە دان نانێت بە ڕیفراندۆمەکانی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیادا کە مەبەست لێیان لکاندنی ئەو هەرێمانەیە بە ڕووسیاوە.

دەنگدانەکان لە چوار هەرێمی ئۆکرانیا بەڕێوەچوون کە زۆربەیان لەلایەن هێزەکانی ڕووسیاوە داگیرکراون، ئەمەش سەرەتای پلانەکانی سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتنە بۆ لکاندنی خاکێکی بەرفراوانی ئۆکرانیا بە ڕووسیاوە، ڕۆژئاواش دەڵێت ئەمە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە و بە شێوەیەکی بەرچاویش جەنگەکە خراپتر دەکات.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کازاخستان ئایبیک سمادیارۆڤ گوتی " سەبارەت بە ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەکان، کازاخستان پابەندە بە بنەماکانی یەکپارچەیی خاکی وڵاتان و سەروەریی خاکەکانیان و پێکەوە ژیانی ئاشتیانەوە."

سەرۆکی کازاخستان قاسم گۆمارت تۆکایڤ چەند جارێک داوای چارەسەرێکی کردووە بۆ ململانێکانی ناو ئۆکرانیا کە بگونجێت لەگەڵ ڕێکەوتننامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا.

سمادیارۆڤ گوتی " دووبارە جەخت لە ئامادەیی خۆمان دەکەینەوە بۆ دابینکردنی سەرجەم یارمەتییەکان بۆ دامەزراندنی گفتوگۆیەکی سیاسیی. لە هەمان کاتیشدا، وڵاتەکەمان باوەڕی وایە پاراستنی سەقامگیری لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیهانیش گرنگترین ئامانجە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG