Accessibility links

دوابەدوای خۆپیشاندانەکان، کازاخستان نزیکەی 1,700 کەسی دیکە دەستگیردەکات


بەرپرسانی کازاخستان دەڵێن لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا 1,678 کەسی دیکەیان دەستگیرکردووە، هۆکاری دەستگیرکردنیشیان ئەوەیە گوایە بەشدارییان لە خۆپیشاندانە توندوتیژەکانی وڵاتەکەدا کردووە.

بەرپرسانی شاری ئاڵماتی دەستگیرکردنی ئەو کەسانەیان ڕاگەیاند، بەمەش کۆی ژمارەی ئەوانەی بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە دەستگیرکراون بەرزبۆوە بۆ نزیکەی 12,000 کەس. زیاتر لە 300 لێکۆڵینەوەی تاوانیش لە خۆپیشاندانەکان و هێرشەکانی سەر هێزەکانی ئاسایش و پۆلیس ئەنجام دەدرێن.

لە 2 ی مانگی یەکدا خۆپیشاندانەکانی ڕۆژئاوای کازاخستان دەستیانپێکرد، بەشێکی هۆکاری خۆپیشاندانەکان بەرزبوونەوەی نرخی سوتەمەنی بوو لە وڵاتەکەدا و دواتر بووە هۆی شەڕ و پێکدادان لەنێوان هێزەکانی ئاسایش و خۆپیشاندەراندا و پشێوییەکی گەورەی لێکەوتەوە.

دەیان هاوڵاتی مەدەنی و ئەندامانی هێزەکانی ئاسایش و پۆلیس لە خۆپیشاندانەکاندا کوژران، خۆپیشاندەران ئاگرییان لە بیناکانی حکومەت لە شاری ئاڵماتی بەردا و بۆ ماوەیەکی کورت دەستیان بەسەر فڕۆکەخانەی شارەکەدا گرت. بەڵام خۆپیشاندانەکان بەشێوەیەکی بەرچاو دامرکانەوە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG