جێگری سەرۆکی ئەمەریکا کامڵا هێرس لەمیانەی سەردانێکیدا بۆ مەکسیک لەگەڵ سەرۆکی مەکسیک ئاندرێس مانوێل لۆپێز ئۆبرادۆردا کۆبۆوە، ئامانج لە کۆبوونەوەکەش تاوتوێکردنی " ڕەگی هۆکارەکانی " زیادبوونی کۆچ بووە.
کامڵا هێرس و سەرۆکی مەکسیک یاداشت نامەیەکی لەیەک تێگەیشتنیان واژۆ کرد سەبارەت بە هاریکارییەکان و گەشەکردن لە ئەمەریکای ناوەنددا.
سەرۆکی مەکسیک ئاندرێس مانوێل لۆپێز ئۆبرادۆر پێش ئەنجامدانی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ جێگری سەرۆکی ئەمەریکا کامڵا هێرسدا بە ڕۆژنامەنووسانی وت " باس لە بابەتی کۆچ دەکەین، هاوکات باس لە هۆکارەکانیشی دەکەین."
لە ماوەی ڕابردوودا هێرس لە یەکەمین گەشتیدا وەکو جێگری سەرۆکی ئەمەریکا بۆ دەرەوەی وڵات وتی دەیەوێت " هیوایەک " بدات بە هاوڵاتیانی ئەمەریکای ناوەند لەسەر ئەوەی ژیانیان لە وڵاتەکانی خۆیاندا باشتر دەبێت.
بەرپرسانی ئەمەریکا وتیان دەستبەسەراگرتنی کۆچبەرە نایاساییەکان و ئەوانەشی کە منداڵیان پێیە لەسەر سنووری نێوان ئەمەریکا و مەکسیک لە مانگی چواردا چووە پانزەیەمین ساڵییەوە، هاوکات نزیکەی 180,000 کەسیش ڕێگەیان لێگیراوە بێنە ئەمەریکاوە.
کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بەوەی کە ئایا بۆچی خۆی بەتایبەتی سەردانی سنووری نێوان ئەمەریکا و مەکسیکی نەکردووە، هێرس وتی من جەخت دەکەمەوە لەسەر مامەڵەکردن لەگەڵ هۆکارەکانی زیادبوونی کۆچدا.
" باوەڕی تەواوم وایە ئێمە گرنگی دەدەین بەوەی چی ڕوودەدات لەسەر سنوور، باشتر دەبێت ئەگەر گرنگی بدەین بە ڕەگی هۆکارەکان و مامەڵەیان لەگەڵدا بکەین، بۆیە من ئەوە دەکەم."
سەرچاوە/ فرانس پرێس