Accessibility links

کادیرۆڤ دەڵێت ڕووسیا پێویستە چەک ئەتۆمی بچووک بەکاربهێنێت


ڕابەری هەرێمی چیچانی ڕووسیا ڕەمزان کادیرۆڤ
ڕابەری هەرێمی چیچانی ڕووسیا ڕەمزان کادیرۆڤ

ڕابەری هەرێمی چیچانی ڕووسیا ڕەمزان کادیرۆڤ دەڵێت مۆسکۆ دەبێت بیر لە بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی بچووک بکاتەوە لە ئۆکرانیادا، ئەوەش دوای شکستێکی گەورەی ڕووسیا لە گۆڕەپانی جەنگەکەدا.

دوای ئەوەی ڕووسیا شکستی هێزەکانی ڕووسیای لە شارۆچکەی لیمانی ئۆکرانیا پشتڕاست کردەوە، کادیرۆڤ ڕەخنەی توندی لە فەرماندە باڵاکان گرت و وتی " بە بۆچوونی خۆم، دەبێت ڕێوشوێنی توندتر بگیردرێتەبەر، لەوانەش ڕاگەیاندنی یاسای سەربازیی لە ناوچە سنوورییەکان و بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی بچووک."

لێدوانەکەی کادیرۆڤ ڕۆژێک دوای ئەوە هات سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن لکاندنی چوار هەرێمی ئۆکرانیای بە ڕووسیاوە ڕاگەیاند، بە هەرێمی دۆنێتسکیشەوە کە لیمانی تێدایە. وتیشی ڕووسیا " بە هەموو توانا و ئامڕازەکانییەوە " بەرگری لەو خاکانە دەکات کە گرتوونی.

ڕووسیا گەورەترین جبەخانەی ئەتۆمی هەیە، بە چەکی ئەتۆمی بچووکی تەکتیکیشەوە کە بە شێوەیەک دروست کراون بتوانرێت هەڵبگیرێت و دژی هێزەکانی بەرامبەر بەکاربهێندرێن.

پێشتریش سەرۆکی پێشووی ڕووسیا و هاوپەیمانی نزیکی پوتن، دمیتری مێدڤیدیڤ پێشنیاری ئەوەی کردبوو کە ڕووسیا ڕەنگە پێویست بکات پەنا ببات بۆ بەکارهێنانی چەکی ناوەکی، بەڵام داواکەی کادیرۆڤ بە پەلەترین و ڕوونترین بووە تاوەکو ئێستا.

کادیرۆڤ لە پەیامەکەیدا ڕەخنەی توندی لە کۆلۆنێڵ جەنەڕاڵ ئالیکساندەر لاپین گرت کە فەرماندەی هێزە شەڕکەرەکانی ڕووسیایە لە لیمان و بە " مامناوەند " ناویبرد. وتیشی دەبێت سەرجەم مەدالیا سەربازییەکانی لێبسەندرێتەوە و پلەکەی نزم بکرێتەوە.

وتی " بەهۆی نەبوونی ئەرکی سەرەتایی لۆجیستکی سەربازییەوە، ئەمڕۆ دەستبەرداری چەند نیشتەجێیەک و پارچەیەک خاکی گەورە بووین."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG