Accessibility links

بەهۆی دوو تەقینەوەوە لە ئەفغانستان 20 کەس کوژران


بەرپرسانی ئەفغانی ئاماژەیان بەوەدا 20 کەس کوژراون و 70 کەسی دیکە برینداربوون کاتێک خۆکوژێک لە یانەیەکی وەرزشی زۆرانبازیدا خۆی تەقاندۆتەوە و دواتر تەقینەوەیەکی تر پیاوانی ئاگرکوژێنەوە و ڕۆژنامەنووسانی کردۆتە ئامانج لە گەڕەکێکی شیعەکان لە ڕۆژئاوای کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان.

تا ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی هێرشەکەی ڕانەگەیاندووە کە لە ناوچەی دەشت بەرچی ڕوویدا و دانیشتوانەکەی شیعەن و پێشتریش لەلایەن ڕێکخراوی داعشەوە کراونەتە ئامانج.

مانگی ڕابردوو لە ئەنجامی هێرشێکدا بۆ سەر ناوەندێکی خوێندن لەو ناوچەیەدا دەیان خوێندکار کوژران کاتێک خۆیان ئامادە دەکرد بۆ تاقیکردنەوەکان تاوەکو وەربگیرێن لە یەکێک لە زانکۆکاندا.

وتەبێژی پۆلیسی کابوڵ حیشمەت ستانکەزای وتی تەقینەوەی دووەم کاتێک ڕوویداوە کە پۆلیس یارمەتی بریندارەکانی داوە کە بەهۆی تەقینەوەی یەکەمەوە برینداربوون و ژمارەیەکی زۆر ڕۆژنامەنووسیشی لێبووە.

گروپی ڕاگەیاندنی ئێن ئی ئەی لە ئەفغانستان بڵاویکردەوە ڕۆژنامەنووسێک و کامێرامانێکی سەر بە کەناڵی تولۆ کە گەورەتری تۆڕی ڕادیۆ و تەلەفیزیۆنییە لە وڵاتەکەدا لە تەقینەوەی دووەمدا کوژران و چوار کەسی دیکەش برینداربوو.

لە مانگی چواردا خۆکوژێک ڕۆژنامەنووسانی کردە ئامانج کاتێک ڕووماڵی هەواڵی هێرشێکیان دەکرد لە ناوەڕاستی کابوڵ کە بووە هۆی کوژرانی 9 کەسیان.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG