Accessibility links

لە تەقەکردن و تەقینەوەیەکدا لە نەخۆشخانەیەکی کابوڵ لانی کەم 15 کەس کوژران


بەرپرسێکی ئاسایشی تاڵیبان وتی دوابەدوای دوو تەقینەوە و شەڕە تەقەیەکدا لە گەورەترین نەخۆشخانەی سەربازی لە کابوڵ لانی کەم 15 کەس کوژراون و 34 کەسی دیکە برینداربوون.

وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی تاڵیبان قاری سەعید خۆستی وتی تەقینەوەکان لەبەردەم دەرگای هاتنە ژوورەوەی نەخۆشخانەی سەردار محەمەد داود خاندا بووە لە ناوەڕاستی کابوڵ، هێزەکانی ئاسایش ڕەوانەی ناوچەکە کراون.

تاوەکو ئێستا ژمارەی قوربانییەکان پشتڕاست نەکراوەتەوە، بەڵام بەرپرسێکی ئاسایشی تاڵیبان کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات وتی لانی کەم 15 کەس کوژراون و 34 کەسی دیکە برینداربوون.

خزمەتگوزاری فریاکەوتنی تەندروستی ئیتاڵی کە بەڕێوبەرایەتی نەخۆشخانەیەک دەکات نزیکەی 3 کیلۆمەتر لە شوێنی تەقینەوەکەوە دوورە، وتی تاوەکو ئێستا 9 بریندار هێندراونەتە نەخۆشخانەکە.

تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی هێرشەکەی ڕانەگەیاندووە، بەڵام دەزگای هەواڵی فەڕمی بەختار لەزاری شایەتحاڵێکەوە بڵاویکردەوە ژمارەیەک لە چەکدارانی ڕێکخراوی داعش چوونەتە ناو نەخۆشخانەکەوە و لەگەڵ هێزەکانی ئاسایشدا شەڕییان کردووە.

کارمەندێکی تەندروستی کە توانیویەتی لە نەخۆشخانەکە هەڵبێت وتی گوێی لە تەقینەوەیەکی گەورە بووە و دواتر بۆ ماوەی دوو خولەک شەڕە تەقە ڕوویداوە، 10 خولەک دواتر، دووەمین تەقینەوە ڕوویداوە.

دوابەدوای کۆنتڕۆڵکردنەوەی ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە، ڕێکخراوی داعش ژمارەیەک هێرشی بۆ سەر مزگەوت و ئامانجەکانی دیکە ئەنجامداوە، لە ساڵی 2017 دا هێرشێکی کردە سەر نەخۆشخانەیەک و زیاتر لە 30 کەس کوژران.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG