Accessibility links

دوو چەکدار هێرش دەکەنە سەر ناوەندێکی هەواڵگری ئەفغانستان لە کابوڵ


دوو چەکدار هێرشیان کردە سەر شوێنێک کە بنکەی سەربازی و مەشقی سەر بە دەزگای هەواڵگری ئەفغانستانی تێدایە لە کابوڵی پایتەخت و بۆ چەند کاتژمێرێک ڕووبەڕووی هێزەکانی ئاسایشی ئەفغانستان بوونەوە و دواتر کوژران.

ئەم هێرشەش لەکاتێکدا دێت کە ئەفغانستان ڕووبەڕووی زنجیرەیەک هێرشی تیرۆریستی بۆتەوە لە سەرتاسەری وڵاتەکەدا، لەوانەش هێرشی تاڵیبان بۆ سەر شاری غەزنەی ناوەڕاستی وڵاتەکە و لە ئەنجامدا نزیکەی 150 هاوڵاتی مەدەنی کوژران و هەرچی بازاڕ و ماڵەکانە وێران بوون.

لەم هێرشەی ڕۆژی پێنجشەممەدا هیچ ڕاپۆرتێک نەبووە لەسەر کەوتنەوەی زیانی گیانی، ئەمەش نوێترین هێرشە بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی سوپا و دەزگاکانی هەواڵگری ئەفغانستان لە کابوڵ.

ڕێکخراوی داعش بەرپرسیارێتی هێرشەکەی ڕاگەیاند.

وتەبێژی پۆلیسی کابوڵ حیشمەت ستانکەزای وتی دوو چەکدارەکە هاوەنیان هاویشتووە بۆ ناوەندەکە و هێزەکانی ئاسایش ڕێگەیان پێ نەداون هێرش بکەنە سەر بیناکە.

هێزەکانی ئەفغانستان بە یارمەتی ڕاوێژکارەکانی هاوپەیمانێتی ناتۆ گەمارۆی دوو چەکدارەکەیان داو و بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک پێکدادانەکان بەردەوام بوون.

بەرپرسانی ئەفغانی وتیان دوای تێپەڕبوونی حەوت کاتژمێر چەکدارەکان کوژران.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG