Accessibility links

بەهۆی کردەوەیەکی خۆکوژیەوە لە ئەفغانستان 7 کەس کوژران


بەرپرسانی ئەفغانی ڕایانگەیاند بەهۆی کردەوەیەکی خۆکوژییەوە لەنزیک بینای وەزارەتێکی ئەفغانستان لە کابوڵی پایتەخت بەلایەنی کەمەوە 7 کەس کوژران و 15 کەسی دیکە برینداربوون. ڕێکخراوی داعش بەرپرسیارێتی هێرشەکەی ڕاگەیاند.

ئەم هێرشەش نوێترینە لەو زنجیرە هێرشانەی کە کۆتاییان نایەت لە شاری کابوڵی پایتەخت و شارە گەورەکانی دیکەی ئەفغانستان، لەوانەش جەلالئاباد کە بە تەنها لەم دوو هەفتەیەی ڕابردوودا دوو هێرشی گەورەی بە خۆیەوە بینیوە.

وتەبێژی وەزارەتی گەشەپێدانی ئەفغانستان فەرەیدون ئەرهاند وتی " ئاشکرایە خۆکوژێک لە نزیک دەرگای وەزارەتەکەدا خۆی تەقاندۆتەوە. ئامانج لە هێرشەکە کارمەندەکانمان بوون کە بیناکەیان بە جێ ‌هێشتووە و بەرەو ماڵەوە ڕۆشتبوون."

ڕێکخراوی داعش لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند یەکێک لە خۆکوژەکانی لەنێو کارمەندانی وەزارەتی گەشەپێداندا لە کابوڵ خۆی تەقاندۆتەوە لە کاتێکدا کارمەندەکان لە بیناکە هاتوونەتە دەرەوە و بەرەو ماڵەوە ڕۆشتوون.

بەیاننامەکە لە زاری سەرچاوەیەکەوە کە ئاماژەی پێ نەداوە بڵاویکردەوە 60 کەس لە هێرشەکەدا کوژراون یاخوود برینداربوون، ئاماژەشی بەوەداوە دوو هاوڵاتی فەڕەنسی لە نێو بریندارەکاندان. بەیاننامەکە وردەکاری زیاتری باس نەکردووە.

جێی ئاماژەیە هەمان وەزارەت زیاتر لە مانگێک لەمەوبەر ڕووبەڕووی هێرشێکی دیکە بۆوە.

وتەبێژی پۆلیسی کابوڵ حیشمەت ستانکەزای وتی بەلایەنی کەمەوە حەوت کەس کوژراون، لەنێویاندا هاوڵاتی مەدەنی و ئاسایشی تێدایە، زیاتر لە 15 کەسی دیکەش برینداربوون.

لە ماوەی ڕابردوودا نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند بەهۆی ناکۆکییەکانەوە لە ئەفغانستان نزیکەی 1700 کەسی سیڤیل لە ماوەی یەکەم شەش مانگی ساڵی 2018 دا کوژراون. ئەمەش بەرزترین ئاستە بە بەراورد لەگەڵ دە ساڵی ڕابردوودا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG