Accessibility links

پەنتاگۆن پشـتڕاتی دەکاتەوە دوو تەقینەوە لە نزیک فڕۆکەخانەی کابول بووە


گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ئەو ڕاپـۆرتانەی پشتڕاستکردەوە کە دەڵێن لە نزیک فڕۆکەخانەی کابول دوو تەقینەوە بووە و ئەمەریکایی و خەڵکی سیڤیل پـێوە بوون.

جۆن کێربی لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی دەتوانین پشتڕاستی بکەینەوە تەقینەوەیەک لە نزیک دەروازەی ئابی فڕۆکەخانەکە بووە و لە ئەنجامدا ژمارەیەک ئەمەریکایی و خەڵکی سیڤیل پـێوەبوون. هەروەها بە لایەنی کەم تەقینەوەیەکی دیکە لە هوتێل بارۆنی نزیک هەمان دەروازە ڕووی‌داوە.

لەلایەکی دیکە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرز لە زاری بەرپـرسێکی تاڵیبانەوە بڵاویکردووەتەوە کە گوتویەتی بە لایەنی کەم 13 کەس کوژراون و لە نێوانیاندا منداڵ هەیە. باسی لەوەش کردووە ژمارەیەک ئەندامی تاڵیبانیش پـێوەبوون.

پـێشتر هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە حکومەتەکانی ڕۆژئاوا هۆشدارییان دا لە مەترسی هێرشی تیرۆریستی لە فڕۆکەخانەی کابول لە ئەفغانستان و وتیان؛ ئەوانەی لەو ناوچەیە کۆبوونەتەوە بە هیوای بەجێهێشتنی وڵاتەکە دەبێت ببرێن بۆ شوێنێکی سەلامەت.

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە کابول لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە کردووە"بەهۆی هەڕەشە ئەمنییەکانی دەرەوەی دەروازەکانی فڕۆکەخانەی کابولەوە، ئێمە ئامۆژگاری هاوڵاتیانی ئەمەریکا دەکەین کە لە گەشتکردن بۆ فڕۆکەخانەکە و لە دەروازەکانی فڕۆکەخانەکە دووربکەونەوە "پێویستە هاوڵاتیانی ئەمەریکا لە دەروازەی Abbey، دەروازەی ڕۆژهەڵات یان دەروازەی باکور دەستبەجێ بەجێبهێڵن، تا ئەو کاتەی ڕاستەوخۆ لەلایەن نوێنەری حکومەتی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاوە ڕێنماییان پێدەگات."

جەیمس هیپی وەزیری هێزە چەکدارەکانی بەریتانیا پـێشتر بۆ ڕادیۆی بی بی سیی ڕاگەیاند" ئێستا ڕاپۆرتی زۆر باوەڕپێکراو هەن لەسەر ئەگەری هێرشێک بەم نزیکانە."

هەروەها وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئوسترالیا ئەویش ئاماژەی بەوەدا کە "هەڕەشەکە بەردەوامە و شیانێکی زۆر هەیە کە هێرشێکی تێرۆریستی رووبدات". هاوکات ئەلێکساندەر دی کرۆ سەرۆک وەزیرانی بەلجیکا ڕایگەیاند حکومەتەکەی پرۆسەی گواستنەوەکانیان ڕاگرتووە پاش ئەوەی لە ئەمەریکا و سەرچاوەکانی دیکەوە گوێیان لێبوو دەربارەی ئەگەری ڕوودانی هێرش.

ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە دووپاتیکردەوە کە ئەمەریکا ئەگەری مەترسییەکی شاراوەی داعشی لە ئەفغانستان دەبینێت.

بلینکن لە وەزارەتی دەرەوە وتی" زۆر قورسە کە زیادەڕەوی بکەین لە ئاڵۆزی و مەترسییەکانی ئەم هەوڵە." هەروەها وتیشی"ئێمە لە ژینگەیەکی دژواردا لە شار و وڵاتێکدا کاردەکەین کە ئێستا لەلایەن تاڵیبانەوە کۆنترۆڵکراوە، لەگەڵ شیانی ڕاستەقینەی هێرشی داعشدا؛ ئێمە هەموو خۆئامادەکارییەک سازدەکەین، بەڵام ئەمە ئێجگار مەترسیدارە."

ئەمەریکا بەڵێندەدات بەردەوامبێت لە هەوڵەکان بۆ ڕزگارکردنی ئەمەریکاییەکان و دانیشتوانە هەمیشەییەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان و ئەفغانیەکانی دیکە کە لە بەردەم مەترسیدان، بەو مانایەی تەنانەت ئەگەر وادەی کۆتایی مانگیش تێپەڕاند بۆ ئەوەی سەربازانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان بڕۆن هەر بەردەوامدەبین.

ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا وتیشی"هیچ وادەیەکی کۆتایی نییە بۆ دەرکردنی ئەو ئەمەریکایی و ئەفغانیانەی کە دەیانەوێت لە دوای 31ی مانگی هەشتەوە بڕۆن."

بلینکن جەختی لەوەش کردەوە ئەو "ئەو لەبیر ناکەین" هەروەک لە وەڵامی پرسیارەکانی پەیامنێرەکانی دایەوە و وتی وەک گوتم ئێمە هەموو ئامرازێکی هاوکاری دیپلۆماسی و ئابوری کە لەدەستمان دێت بەکاریاندەهێنین بۆ فشارخستنە سەر تاڵیبان بۆ ئەوەی ڕێگە بە خەڵک بدەن وڵاتەکە بەجێبهێڵن."

کۆشکی سپی ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند کە لە 14ی هەشتەوە ئەمەریکا نزیکەی 95 هەزار و 700 کەسی لە گەشتە سەربازییەکانی ئەمەریکا و هێزەکانی هاوپەیمانانەوە گواستووەتەوە یان هاوکاریکردوون بۆ گواستنەوەیان.

بە درێژایی رۆژی چوارشەممە کاربەدەستان لە وەزارەتی دەرەوە و پەنتاگۆن و کۆشکی سپی بەردەوامبوون لە ڕەخنەگرتن دەربارەی ئەو ئاژاوانەی کە لە دەروازەکانی فڕۆکەخانەی کابول لە ئارادان.

جین ساکی گوتەبێژی کۆشکی سپی بە پەیامنێرانی گوت" ئێمە گەورەترین پردی ئاسمانی ئەمەریکامان دەبێت لە مێژوودا" وابزانم ئەوە خۆی بۆخۆی دەدوێت."

تا نزیکەی 1500 هاوڵاتی ئەمەریکایی لە ئەفغانستان ماونەتەوە لە 14ی ئەم مانگەدا نزیکەی 6000 ئەمەریکایی لە ئەفغانستان هەبوون، بە وتەی بلینکن کاتێک چەکدارە تاڵیبانەکان دەستیان بەسەر ئەو وڵاتەدا گرت و چۆڵکردن دەستیپێکرد، بەڵام ئەو گوتی لەو کاتەوە بەلایەنی کەمەوە 4500 ئەمەریکایی لەو وڵاتەوە گوازراونەتەوە، بەو 500 کەسەشەوە کە لەم ڕۆژانەی دواییدا گوازراونەتەوە.

بەرپرسانی ئەمەریکا دەڵێن نزیکەی 10 هەزار کەس بە هیوای هەڵاتن لەو وڵاتە لە فڕۆکەخانەی کابول ماونەتەوە و دەڵێن لە ڕۆژی ڕابردوودا 90 گەشتی سەربازی و نێودەوڵەتی ئەمەریکا لە کابول دەرچوون.

بە وتەی وتەبێژی پنتاگۆن جۆن کێربی " لە دوای 31ی هەشتەوە ئیتر کۆنترۆڵکردنی ئاسایشی فڕۆکەخانەکە بەرپرسیارییەتی ئەمەریکا نیـیە ."

بەرپرسانی پەنتاگۆن و کۆشکی سپی ڕۆژی چوارشەممە داوایان لە یاسادانەرانی ئەمەریکا کرد کە سەردانی کابول نەکەن بۆ ئاگاداربوون لە پرۆسەی چۆڵکردنەکە، ئەمەش دوابەدوای ئەوەی هەردوو یاسادانەری ئەمەریکایی "سیس مۆڵتونی دیموکرات و پیتەر مەیجەری کۆماری گەشتێکی سەربازیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەنجامدا و بڕیاری گەشتیان بۆ ئەفغانستان ڕاگەیاند بەوەی کە گەشتێکی رانەگەیەنراو سازدەکەن بۆ پایتەختی ئەفغانستان لەو هەفتەیەدا بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخەکە.

ئەو دوو یاسادانەرە لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا دەڵێن:"ئێمە ئەم سەردانەمان بە نهێنی ئەنجامداوە و تەنها باسمان لەسەر نەکردووە تا گەڕاوینەتەوە، ئەمەش لە پێناو کەمکردنەوەی ئەو مەترسی و پشێویانەی کە دووچاری ئەو خەڵکە بووەتەوە لەوێ، لەبەر ئەوەی ئێمە لەوێ بووین بۆ کۆکردنەوەی زانیاری نەک بۆ خۆدەرخستن" .

یاسادانەرەکان دوابەدوای بەجێهێشتنی کابول بە فڕۆکەیەکی گەشتیاری؛ لێدوانەکەیان بڵاوکردەوە و گوتیان لە ڕوانگەیانەوە دوای بینینی ڕاستەوخۆی بارودۆخەکە و قسەکردن لەگەڵ سەرکردەکان لەوێ گەیشتینە ئەوەی کە " ئێمە هەموو کەس دەربازناکەین پێش ڕۆژی سێشەممەی داهاتوو کە سەرۆک جۆ بایدن دیاریکردووە.

XS
SM
MD
LG