وڵاتانی ڕۆژئاوا هۆشیارییاندایە هاوڵاتیانیان تاوەکو بەزووترین کات لە دەوروبەری فڕۆکەخانەی کابوڵ نەمێنن، ئەوەش بەهۆی هەڕەشەی تیرۆریستیەوە لەکاتێکدا هەزاران کەس هەوڵ دەدەن بگەنە فڕۆکەخانەکە و وڵاتەکە جێبهێڵن.
تاوەکو ئێستا نزیکەی 90,000 ئەفغانی و بیانی لە ئەفغانستان گواستراونەتەوە لەو کاتەوەی تاڵیبان کۆنتڕۆڵی وڵاتەکەی کردۆتەوە.
خەڵکانێکی زۆر لە دەوروبەری فڕۆکەخانەی کابوڵ گردبوونەتەوە، لەکاتێکدا هەندێک لە وڵاتان بەر لە کۆتایی هاتنی وادەی کشانەوەکە دەیانەوێت گەشتەکانی گواستنەوەی هاوڵاتیان ڕابگرن.
حکومەتی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی هاوڵاتیانیان ئاگادارکردەوە خۆیان بەدووربگرن لە فڕۆکەخانەی کابوڵ.
وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا وتی " ئەوانەی لە دەرگای ئابی و دەرگای ڕۆژهەڵات یاخود دەرگای باکوورن دەبێت بەزووترین کات بڕۆن." هۆکارەکەشی گەڕاندەوە بۆ " هەڕەشەی ئاسایشی."
وەزارەتی دەرەوەی ئوستڕاڵیاش وتی " ئەگەری ڕوودانی هێرشی تیرۆریستی زۆر بەرزە."
وتیشی " مەچن بۆ فڕۆکەخانەی حامید کارزای نێودەوڵەتی، ئەگەر لە دەوروبەری فڕۆکەخانەکەدایت، بڕۆ بۆ شوێنێکی پارێزراو و چاوەڕێی ڕێنمایی دیکە بکە."
بە هەمان شێوە بەڕیتانیا ئاگادارکردنەوەیەکی هاوشێوەی دەرکرد و وتی " ئەگەر دەتوانیت بە پارێزراوی ئەفغانستان جێبهێڵیت، ئەوا بەزووترین کات ئەوە بکە."
سەرچاوە/ فرانس پرێس